سەرۆ قادر: پرۆژەکەی شاسوار بەمانای وشە خیانەتە

بەرپرسی پێشووی دەزگای ڕاگەیاندنی پارتی لەسەر جوڵانەوەی (نەخێر لە ئێستادا) بۆ ڕیفراندۆم هاتە دەنگ و دەڵێت "پرۆژەکەی شاسوار بەمانای وشە خیانەتە".


سەرۆ قادر، بەرپرسی پێشووی دەزگای ڕاگەیاندنی پارتی لە بابەتێکیدا لە فەیسبووک نوسیویەتی "جموجۆڵی دژی ڕیفراندۆم وسەربەخۆیی کوردستان لەناو شاری سلێمانی لەو ڕۆژانەدا گەیشتووەتە لوتکە لەبەرەنگاربوونەوە و لە هستریا وەرگرتن، کە لەمێژووی بزوتنەوە ڕزگاری خوازی کوردستاندا ئەم قۆناغانە پێی دەگوترێت (هەڵە مێژوویەکانی بەشێک لە سیاسییەکان) و سەرەنجام هاوکاری دوژمنیان کردووە و هەندێجاریش وەکو جاش حسێبکراون. گەلێک لەو سەرکردانەش لەکۆتایەکانی تەمەنیاندا لە نووسین و بیرەوەری و وتارە سیاسیەکانیان لەبەردەم جەماوەر ڕەخنەیان لە هەڵوێستە کۆنەکانی خۆیان گرتووە".

دەشڵێت "ئیستا هەمان شت لەشاری سلێمانی لەلایەن هەندێک لە سیاسەتمەدارو لاباڵی سیاسی ئەم حزب و ئەو حزب دووبارە دەبێتەوە، کە ئەگەر جاران لەناو بزووتنەوەی سیاسی کوردستان، دوو دەوڵەتی عێراق و ئێران لە پشتی هەر لادانێک بووبن، ئێستا بەئاشکرا هەمان عێراق و ئێران بە دوو سیستەمی جیاواز لە جاران، بەڵام بەهەمان ستراتیژی پێشوو لەپشتەوەی ئەو جموجۆڵەن و هاوکاریان دەکەن".

سەرۆ قادر ئەوەشی نووسیوە کە "ئێستا بەڕاستی ئەو جموجۆڵەی دژی سەربەخۆیی لەشاری سڵیمانی گۆڕاوە بۆبنکەیەکی گەورەی ستراتیژی ئێرانی، یاخود سیاسەتی ئێرانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەوانەی کە بەدوژمنی خۆیانی دەزانێ لە کوردستان و لەغەیرە کوردستان".

بەرپرسی پێشووی دەزگای ڕاگەیاندنی پارتی ئەوەشی وتووە، کە دەبێت چاوەڕێی زۆر دەرهاویشتەی دیکە بکەن، لە هاوسەنگ بوونی هێزەکان لە نێوان بەرەی ئێرانی و بەرەی ئەو وڵات و لایەنانەی کە ڕێگە بە پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی نفوزی ئێرانی لەکوردستان نادات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "گروپی نالیا کە تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی بە دوو کەناڵ ماڵیەتی، کەناڵی سێیەمیشی بەناوی کەناڵی نا بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆ ڕاگەیاندووە. ئەوەش بەتەواوی سەرنج ڕاکێشە، چونکە ئیتر دەرکەوت ئەوە هیچ پەیوەندی بەسەرمایەی کەسێکەوە نییە و ئەوکەسەشی کە پێی دەگوترێت (شاسوارعەبدولواحید) نە خاوەنی ئەو پرۆژەیە و نە خاوەنی ئەو سەرمایەشە، بەڵکو تەنیا ڕووی ئەو پرۆژەیەیە کە لە دژی ئیرادەی میللەت و سەربەخۆیی و بەرژەوەندی وڵاتەکەیە. لەڕاستیدا پڕۆژەیەکە بەمانای وشە خیانەت و خیانەتکارانەیە و نایاسایشە، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی دیکە سەیری بکەین، چونکە ئەوە لەڕاو ڕایەکی تر دەرچووە".

هەروەها سەرۆ قادر دەشڵێت "ئەو پڕۆژەیەی کە ئێن ئاڕ تی بەڕێوەی دەبات و ئەو سەرمایەی کە لەگروپی نالیادا هەیە بەئاشکرا دیارە کە هەندێک سیاسەتمەداری سلێمانی کە زۆرجار ناوی هەندێک بەئاشکرا دەهێنرێت لەپشتەوەی ئەو پڕۆژەیەن و لەو ڕۆژانەشدا ئەوانە خۆیان لەچالاکیەکاندا دەرخستووە، ئەوەش بێگومان بارودۆخی سیاسی کوردستان ئاڵۆزدەکات و پێموایە بەرەو ئەوە بچێت بەئاشکرا بگوترێت کێ لە پشتتی ئەو جموجۆڵە وەستاوە، ئەوەش وەک گوتم لە ڕا دەرچووە و کەوتووەتە سەنگەری دوژمنکاری، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان بزانن ئەوانە دوژمنی چارەنووسی گەلی کوردستانن".

ئەمڕۆ جوڵانەوەی (نەخێر لە ئێستادا) بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیەندرا و  وەک ئەندامانی جوڵانەوەکەش ڕایانگەیاند ئەوان پێیانوایە ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە یاخود دەنگدان بە بەڵی کارێکی مەترسیدارە و ئایندەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەشی دەخاتە مەترسییەوە، داوا لە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دەکەن لەکاتى ڕیفراندۆمدا بە نەخێر دەنگ بدەن.



PM:11:43:08/08/2017