"کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی نەبووە"
چوار کەس بڕیاری دەرکردنی فەرهاد سەنگاویان دەرکردووە لە یەکێتی

ئەمڕۆ بڕیاری دەرکردنی فەرهاد سەنگاوی لە یەکێتی ڕاگەیەندرا بە ناوی مەکتەبی سیاسییەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی سپیش بڕیارەکە لە لایەن مەکتەبی سیاسییەوە نەدراوە کە ١٧ ئەندامن و تەنها لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵ و ئەندامانی دەستەی کارگێڕەوە دراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی سپی میدیا، هەریەکە لە کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، هەریەکە لە مەلا بەختیار و عومەر فەتاح و حاکم قادر کۆبوونەتەوە و بە ناوی مەکتەبی سیاسییەوە بڕیاری دەرکردنی فەرهاد سەنگاویان داوە بەهۆی بەشداریکردنی لە "جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا".

سپی زانیویەتی کە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی ئەنجام نەدراوە و ئەو چوارکەسە بڕیاری دەرکردنی فەرهاد سەنگاویان دەرکردووە.

ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێک بە ناوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتبوو "بڕیارمان دا فەرهاد سەنگاوی لە ڕیزەکانی خۆمان وەدەربنێین، چونکە چووەتە ڕیزی کامپینی (نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم)."

ئاماژەی بەوەش کرد، مافی چارەنووس و ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە و لادان لێی توندترین سزای حزبی لەسەرە.

ئەوەشی وتووە، فەرهاد سەنگاوى لەدواى راپەڕینەوە بەردەوام دەڵێت "باشترین هەل بۆ کورد هەڵکەوتووە، بۆ سەربەخۆیى، بەڵام سەرکردایەتى سیاسى کوردستان ناوێرن بڕیارى سەربەخۆیى بدەن" کەچى، کاتێک سەرکردایەتى سیاسى کوردستان بڕیارى ریفراندۆم دەدات، دەچێتە ڕیزى کامپینى (نەخێر لەئێستادا بۆ ریفراندۆم).

ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی ژمارەیەک سیاسەتمەدار و سەرمایەدار و ڕۆژنامەنووس جووڵانەوەی نەخێریان لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند.



PM:04:13:10/08/2017