بەڕێوەبەری حەج و عومرە لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ٦٨٠ پشکى حەج لە دەرەوەى بەشە فەرمییەکەی بۆ هەرێمى کوردستان دابینکراوە هەر کەس خوازیارە لە ئێستاوە تا بەیانى داوکارى پێشکەش بکات.
بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرەی هەرێمى کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ١٣ى ئاب ڕایگەیاند، ٦٨٠ پشکى حەج لە دەرەوەى بەشە فەرمییەکەی بۆ هەرێمى کوردستان دابینکراوە بەڵام لە بەر ئەوەى کاتەکە درەنگە و گرفتى شوێن هەیە بۆیە دەبێت بە پارەى زیاتر ئەنجامبدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر کەسێک ئارەزووى هەیە لە ئێستاوە تا بەیانى ١٤ى ئاب کاتژمێر ١٢ى نیوەڕۆ پاسپۆرتەکانیان بهێنن سەردانى بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرە بکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تێچووى هەر حاجییەک لەم پشکە نوێیە بڕى ٦٠٠٠ دۆلارە.
ئەوەش وتراوە، هاوڵاتیانى هەڵەبجە و گەرمیان دەتوانن لە بەرێوەبەرایەتى حەج و عومرەى سلێمانى ناویان تۆمار بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا بەشێکى دیارى حاجیانى کورستان گەیشتوونەتە وڵاتى سعودییە و وا بڕیارە سەرجەم حاجیانیش لەم چەند ڕۆژەدا بگەنە ئەو وڵاتە و بە پێی ئەو بەروارەی ڕاگەیەندراوە ڕۆژى ٣١ی ئاب ڕۆژى وەستان لە عەرەفە دەبێت و ١ی مانگى ئەیلول یەکەم ڕۆژى جەژنى قوربان دەبێت.