ئەمریكا لە ڕۆژێكدا دوو جار هەڵوێستی دژ بە ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دەبێتە هۆی زیاتر ناسەقامگیربوونی عێراق.

دوێنێ لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند "ئێمە نیگەرانی جدیمان لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمەوە دەربڕیوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییش نەبێت".

ئەوەشی وتووە، دەزانن كە هەرێمی كوردستان بە چیدا دەڕوات و ئامانجی چییە، بەڵام نابێت چاو لەسەر پرسە گرنگەكە لابەرن كە ئەویش شەڕی دژی داعشە و ڕاشیگەیاند "ئەوەی كە ئێمە پێمان خۆشە بیبینین عێراقێكی سەقامگیر و ئاسایش و یەكگرتووە".

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر هەولێر و بەغدا دابنیشن و پێكەوە گفتوگۆ بكەن، ئەوا كارێكی باش دەبێت.

هاوكات دوێنێ شاندی باڵای ریفراندۆم لە بەغدا لە رۆژی‌ دوەمی‌ سەردانەكەیدا، لەگەڵ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی‌ ویلایەتە یەكگرتوەكانی‌ ئەمەریكا لە عێراق كۆبوەوە.

بەپێی‌ زانیارییەكان، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەو وەفدەی‌ هەرێم، باڵیۆزی‌ ئەمەریكا جارێكی‌ دیكە جەختی‌ لەسەر هەڵوێستی‌ وڵاتەكەی‌ كردوەتەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم لە هەرێمی‌ كوردستان و داوای كردوە ریفراندۆم دوابخرێت بۆ ئەوكاتەی‌ دۆسیەی‌ شەری داعش دادەخرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانە، باڵیۆزی‌ ئەمەریكا بە وەفدەكەی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ وتوە: ئێستا كاتێكی‌ گونجاو نییە بۆ سازدانی‌ ریفراندۆم.


ئەوەش لەكاتێكدایە كە بڕیارە هەرێمی كوردستان لە ٢٥ی ئەیلولدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامبدات و تا ئێستاش جگە لە (ئیسرائیل) هیچ ووڵاتێك پاڵپشتی خۆیی بۆی ڕانەگەیاندووە.




AM:09:43:16/08/2017