ئێران: ریفراندۆم زنجیرەیەک کێشە لە ناو عێراق و ناوچەکە دروست دەکات

محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی کردەوە کە ئێران و تورکیا هەمان هەڵوێستیان هەیە لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هەردوولا دژی ئەنجامدانی ئەو کارەن.


بە پێی هەواڵی هەواڵنێری ئیرنا، لە لێدوانێکدا لە پاش کۆبونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان و بەرپرسە باڵاکانی تورکیا، محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند '' لە کۆبونەوەکەماندا باسی زۆر پرسی ناوچەییمان کرد لەوانە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی''.


وتیشی '' هەردوو لایەنی تورکی و ئێرانی لەو گفتوگۆیانەدا جەختیان کردەوە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامبدرێت ئەوا زنجیرەیەک کێشە و ناکۆکی دروستدەبێت لە ناو عێراقدا و بەرەو وڵاتانی دراوسێ دەڕوات''.


ئاماژەی بەوەشدا، ئەنجامدانی ریفراندۆم عێراق و ئێران و تورکیا بخاتە ناوەندی کێشەکانەوە، بۆیە دەبێت ئەو ریفراندۆمە ئەنجامنەدرێت.



AM:10:55:17/08/2017