سەرۆکی پەرلەمان: ڕیفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نییە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند ڕیفراندۆم پرسێکی گرنگ و چارەنووسازە، بەبێ گفتوگۆکردن لەناو هۆڵی پەرلەماندا، ڕیفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نیە.

د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی(گۆڕان و یەکێتی وکۆمەڵ و یەکگرتوو) لەگەڵ نوێنەری چەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی کۆبوەوە. نوێنەری رێکخراوەکان، یاداشتێکیان پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان کرد. لە یاداشتەکەدا داوای تەبایی لایەنەکان و بە نیشتمانیکردنی پرسی ڕیفراندۆم و ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان و ئاوڕدانەوە لە ژیان و بژێوی هاوڵاتیان کرد.

سەرۆکی پەرلەمان، سەبارەت بەو پرسانە وتی" درووستکردنی دەوڵەت پرسێکی نیشتمانییە، پێویستە هەمو لایەنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە و تەبایی نێوان لایەنەکان زیاتر بکات، نەک ببێتە هۆی جیاوازیی و دووبەرەکی."

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی "ڕیفراندۆم پرسێکی گرنگ و چارەنووسازە، بەبێ گفتوگۆکردن لەناو هۆڵی پەرلەماندا، ڕیفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نیە. دەبێ دۆخی پەرلەمانی کوردستان بەزووترین کات ئاسایی بکرێتەوە و پرسی ڕیفراندۆم لەناو پەرلەماندا، نوێنەرانی خەڵک گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و یاسایی تایبەتی بۆ دەربکەن.



PM:03:10:24/08/2017