ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر ڕیفراندۆم کۆدەبێتەوە

پارێزگاری كەركوك داوا لەئەنجومەنی پارێزگاكە دەكات لەڕێی دەنگدانەوە داوا بکەن تا کەرکوک لە ڕیفراندۆم بێبەش نەکرێت.

پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند كە هێزی پێشمەرگە لە سەرماو سۆڵەی زستان و گەرمای لەڕادەبەدەری هاویندا لە سەنگەردان بۆ پاراستنی هەموان و شایانی پشتیوانی و شانازی هەموانن، رونیشیكردۆتەوە: بارودۆخی ئەمنی كەركوك بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردودا زۆر باشترەو ئیدارەی شارەكەو دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانی و هاووڵاتییان پێشوازییانكردوە لە دەیان هەزار خێزانی ئاوارە. تەئكیدیكردۆتەوە لە گرنگی پەلەكردن لەئازادكردنەوەی حەویجە كە شاری كەركوك پێشوازیكردوە لە زیاتر لە 35 هەزار خێزانی ئاوارەی ئەو ناوچانە كە ماڵ و موڵك و كێڵگەو سامانەكایان جێهێشتوەو لەدەستی تیرۆریستان هەڵاتوون، راشیگەیاندوە: چەندینجار داوامانكردوە پەلە بكرێت لە پاككردنەوەی حەویجەو دەوروربەری لە تیرۆرستان كە دەبوایە ساڵی رابردو ئەو ئۆپەراسیۆنە بكرایە، بەڵام هەندێك هۆكاری سیاسی و هۆكاری تر كە فاكتەری نێودەوڵەتی لە پشتدا بوو بونە مایەی دواخستنی، هیوادارین پاش ئازادكردنەوەی تەلـلەعفەر ئەو ناوچانە ئازاد بكرێن..

وتوشییەتی "سەرۆك مام جەلال و مەسعود بارزانی بەردەوام وتویانە كە دواڕۆژی كەركوك لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام ئەوە 13 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ماددەی 140ی دەستورداو چارەنوسی كەركوك یەكلانەكراوەتەوە، چونكە حكومەتی عیراق كەمتەرخەمی كردوە لەو پرسەداو ژیان و خاك و كار لە كەركوكدا كۆمان دەكاتەوەو هەموان شارەكەمان دەپارێزین و یەكترمان خۆش دەوێت"

هێمای بۆ ئەوەشکردووە: ئەوەی هاتۆتە ئاراوە سەبارەت بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان شانبەشانی ئاڵای عیراق بەمەبەستی نانەوەی كێشەیەك بوو كە بونی نیەو كەركوك لەناوچە كێشە لەسەرەكانەو لە 2003ەوە بەشێوەیەكی رەسمی ئاڵای كوردستانی تیادا دەشەكێتەوە.

نەجمەدین کەریم وتووشییەتی ئەمڕۆ بەڕەسمی ئیدارەی كەركوك داوایكردوە لە ئەنجومەنی پارێزگا كە كۆببێتەوەو دەنگدان ساز بكات و داوا لە دەستە باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بكات كە كەركوكیش بەشداری ریفڕاندۆم بكات كە بڕیارە لە 25 ی ئەیلولی داهاتودا بەڕێوە بچێت.



PM:04:18:24/08/2017