کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕووداوەکەی ڕۆژی ٢٥ی مانگ بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنن "بە هیچ شێوەیەک ئەو پێشمەرگانە نەدەبوو تەقەیان کردبا تا وەها کارەساتێک نەخوڵقابا. ئێمە کردەوەی ئەو کەسانەی وا بە هەر پاساوێک تەقەیان لە خەڵک کردووە بە کارێکی خراپ و نەشیاو دەزانین و مەحکومی دەکەین".

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا هاتووە "رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی مانگی ئاگۆستی ٢٠١٧ لە بناری هەڵگورد بە هۆی دەمەقاڵێی نێوان چوار برای خەڵکی "گوندەژۆر”ی دەڤەری باڵەکایەتی و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران، دوو برای خەڵکی گوندەژۆر گیانیان لەدەستدا و دووی برای دیکەشیان بریندار بوون. دواتر خەڵکی دەڤەرەکە هەڵیانکوتایە سەر سەنگەر و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵات و هێزەکانی پێشمەرگەش بۆ ئەوەی بەر بە تێکهەڵچوون لەگەڵ خەڵک بگرن، بەخێرایی شوێنەکانی خۆیان چوڵ کرد و لە ئەنجامدا بنکە و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان سوتێنرا".

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە شەش خاڵ بۆچوونی خۆیان خستوەتە ڕوو کە ئەمە دەقەکەیەتی:

١. بە هیچ شێوەیەک ئەو پێشمەرگانە نەدەبوو تەقەیان کردبا تا وەها کارەساتێک نەخوڵقابا. ئێمە کردەوەی ئەو کەسانەی وا بە هەر پاساوێک تەقەیان لە خەڵک کردووە بە کارێکی خراپ و نەشیاو دەزانین و مەحکومی دەکەین، ئەو رەفتارە لەگەڵ پڕەنسیپی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە تەواوی نامۆیە.

٢. رادەستکردنی تاوانباران بۆ هێزە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان کارێکی پێویست بوو و ئاماژەیە بۆ ئەوە کە ئەو حیزبە لەو رووداوە نەخوازراوە و لە کردەوەی کەسەکانی لەوێ ناڕازی بووە. پێمانوایە پێوێستە لێکوڵینەوەی تەواو لەو رووداوە بکرێ.

٣. حیزبەکان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو کاتێک پشتیوانی خەباتی رەوای خەڵکی باشورن و لە هەر کوێ تێکەڵاوی خەڵکی باشور بوون، پێوەندییان لەگەڵ خەڵک باش بووە و لەو پێناوەدا قوربانیان داوە و هاوخەباتی راستەقینە بوون. بە تایبەتی کۆمەڵە لەو بوارەدا گەلێک کرداری بۆ بەرگری لە خەڵکی باشور و جۆشدانی خەباتی ئەو دوو بەشەی کوردستان لە مێژوودا بۆخۆی تۆمار کردوە.

٤. ئەو رووداوە نەخوازراوە نابێ ببێتە بیانوو بۆ بەرتەسک کردنەوەی کار و هەڵسوڕانی حیزبەکانی رۆژهەڵات. کارێک کە بە داخەوە بەشێک لە مێدیا و دەستگەلێک هەوڵیان بۆ داو، نەک هەر نەیانویست ئاو بەو ئاورەدا بکەن، بەڵکوو بوونە هەڵخڕێنەری ئیحساسات و کەم بایەخکردنی خەباتی رۆژهەڵات. ئێمە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە مەحکوم دەکەین و لامانوایە کەلێن دەخاتە نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان. بە تایبەتی ئێستا کە پرسی رێفراندۆم و سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە ئارادایە ئەو هەڵوێستانە تەنیا دوژمنانی پێ شاد دەبێت.

٥. ئێمە لە هەڵچوون و توڕەیی خەڵکی دەڤەرەی باڵەکایەتی بە هۆی کوژرانی نابەحەقی ئەو دوو برا تێدەگەین و، خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و سەرەخۆشی گەرم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە رەنجی ئەوان لە شۆڕشی باشوردا بەرز دەنرخێنین و بە هەموو شێوەیەک بۆ ساڕیژبوونەوەی ئەو برینە هەوڵ دەدەین.

٦. لە هەمانکاتدا هێرشکردنە سەر سەنگەر و بنکەی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات و سوتاندنیان بە ناڕەوا و بە کارێک دەزانین کە دڵی دوژمنانی گەل خۆش دەکات. لە هەموو لایەنێکی بەرپرس داواکارین کە لەسەر ئەو ناحەقیە وەدەنگ بێن و ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی تۆوی هاوخەباتی نێوان باشور و رۆژهەڵات بڵاوبکەنەوە و فەرهەنگی مەدەنییانەی سەردەم و نەتەوەیی بۆ چارەسەری کێشە خولقاوەکان پەرەپێبدەن نەک رق بچێنن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو هەلومەرجە هەستیارەی وا کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێ، بە پێویستی دەزانێ کە حیزبەکانی رۆژهەڵات هاوئاهەنگییەکی زۆرتر لە نیوان خۆیان پێکبێنن و، ئەوە بە ئەرکێکی فەوری دەبینێ. هەروەها داوا لە هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هاوکار و رێگاخۆشکەر بن.



PM:07:47:27/08/2017