١١ خۆکوژی داعش لە لایەن پێشمەرگەوە دەستگیرکران

ھێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری تەلەعفەر و شارەدێی عەیازییە، ١١ خوكوژی داعشیان گرت كە ھەموویان چەكداری بیانین و دوو لەوانەش ئافرەت بوون.

نەقیب بێدار زێباری لە ھێزی پاراستنی ژینگەی بە ماڵپەڕی وشەی وتووە كەمێك پێش ئێستە سەعات ١٠:١٠ خولەكی بەیانیی ئەمرۆ، ھێزەكانی پێشمەرگە لە گوندی سەھل مالح سەر بە شارەدیێ عەیازییەی سنووری شارۆكەی تەلەعفەر ١١ چەكداری داعشیان گرت كە ھەموویان چەكداری خۆكوژی بیانی بوون.

ڕاشیگەیاندووە ئەو چەكدارانە دەیانویست خۆیان بە ھێزەكانی پێشمەرگەوە بتەقێننەوە و دواتر رێ بكەنەوە بۆ ئەوەی چەكدارانی تری داعش لە رێی شارەدێی عەیازییە خۆیان بگەیەنن بە سووریا و را بكەن، بەڵام ھێزەكانی پێشمەرگە پێشیان گرتن و نەیانھێشت پلانەكەیان سەر بگرێت و خۆیان بتەقێننەوە.

هاوکات رائید شاكر جەودەت لە ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی ڕوونیکردووەتەوە كە ھێزەكانیان بەرە و شارەدێی عەیازییە پێشڕەوی دەكەن. ئاماژەی بەوەش كرد كە شەوی رابردوو دەست بەسەر گرتووخانەیەكی داعش لە سنووری شارۆكەی تەلەعەلفەر گیرا كە شوێنی ئەشكەنجەدان بووە و حەشارگەیكی چەك و تەقەمەنیشی تێدا بووە.



AM:10:54:29/08/2017