نوێترین زانیاری سەبارەت بە دەستکاریکردنی مووچە

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم ڕیگەیاند چاوەڕوانی بانكی نێودەوەڵەتی دەكەین بۆ ئەوەی وەڵاممان بداتەوە، بۆ ئەوەی سیستەمی نوێی مووچە ئامادە بكرێت و وردەکاری نوێش سەبارەت بە دەستکاریکردنی مووچە دەخاتە ڕوو

د. نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕۆژنامەی باسی وتووە”چاوەڕوانی بانكی نێودەوەڵەتی دەكەین بۆ ئەوەی وەڵاممان بداتەوە، بۆ ئەوەی سیستەمی نوێی مووچە ئامادە بكرێت و جێبەجێ بكرێت".

ڕوونیکردووەتەوە هەر كات بانكی نێودەوڵەتی رەزامەندیی لەسەر سیستەمی نوێی مووچە دا، ئەو كات حكوومەت بڕیاری لەسەر دەدات و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.

هێمای بۆ ئەوەشکردووە ”پاشەكەوتی مووچە نامێنێت و ئەوەی جێبەجێ دەكرێت سیستەمێكی تازەی مووچە دەبێت، ئەو سیستەمە نوێیەی مووچە یەكلایی نەبووەتەوە، بەڵام سیستەمێكە عەدالەتی زۆرتری بۆ فەرمانبەران تێدایە".

هەروەها د. ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژی كوردستان ڕایگەیاند ”سیستەمی نوێی مووچە سیستەمێک بێت کە لە سیستەمی پاشەكەوت باشتر بێت، یاسایی بێت، بتواندرێت بە بەردەوامی مووچە بدرێت، دەسەڵاتی حكوومەت بێت و دادپەروەریشی تێدا بێـت".

باسی لەوەشکردووە: ”پێشووتر پێشنیازێك هەبوو بەشێك لە پاشەكەوت كەم بكرێتەوە، ئەو پێشنیازە رەت كرایەوە و كاری لەسەر ناكرێت، بەڵام ئەوەی جێگیر كراوە و پەسندیشە، کە پێدانی مووچەی بنەڕەتییە لەگەڵ هەندێك لە دەرماڵە جێگیرەكان، چونكە بەپێی میزانییەی عێراق و هەرێم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت دەستكاریی مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكان بكات، تەنیا دەتوانێت دەستكاریی دەرماڵە ناجێگیرەكان بكات لە دەرماڵەی پیشەیی و ترسناكی".

جەختیشی کردووەتەوە، سیستەمی تازەی مووچە پەیوەستە بە رەزامەندیی بانكی نێودەوڵەتی، چونكە ئەوان سەرپەرشتیی چاكسازییەكانی حكوومەت دەكەن و ڕوونیکردووەتەوە”حكوومەت جدییە لەسەر دەستكاریی مووچە و چەندین كۆبوونەوەشی بۆ كراوە، بەرنامەی حكوومەتە دەستكاریی مووچە بكات و هیچ پەیوەندیی بە ریفراندۆمەوە نییە".

هەروەها سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد، دەرماڵەی هێزەكانی ناوخۆ لەو كەسانە نابڕدرێـت كە شایستەن و وتویەتی”هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ كە دەرماڵەی پیشەیی تایبەتیان هەیە، دەرماڵەكانیان نابڕدرێـت و لە هەموو حاڵەتێكدا بەردەوام دەبێت".

جەختیکردووەتەوە”ئەوانەی مووچەكانیان لەنێوان 800 هەزار بۆ دوو ملیۆن دینارە، كە 25%ی فەرمانبەرانی كوردستان پێك دێنن و خزمەتییان زۆرە، لە سیستەمی نوێی مووچەدا دۆخیان باشتر دەبێت".

پێشووتر سەمیر هەورامی، گوتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە بە (باس)ی راگەیاند: ”خەریكی داڕشتنی سیستەمێكی نوێی مووچەین، بۆ ئەوەی پاشەكەوت نەهێڵین، بێ گومان بۆ ئەو سیستەمە نوێیەی مووچەش سوود لە سیستەمی بایۆمەتریی مووچە وەردەگیرێت، حكوومەت سەرقاڵی داڕشتنی سیستەمێكی نوێی مووچەیە، بەپێی ئەو سیستەمە نوێیە پاشەكەوتی مووچە نامێنێت و ئەم سیستەمەش زیاتر دادپەروەرانەیە، چونكە پێشتر بەهۆی دەرماڵەكان و سیستەمی پاشەكەوت هەست بە نادادپەروەری دەكرا، دوای لێكۆڵینەوە، سیستەمە نوێیەكە دەچەسپێندرێت".



AM:11:11:29/08/2017