ئاسایشی ڕاپەڕین پەیامێك بڵاودەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش پەیامێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە لەبارەی ئەو پارەیەی هاوڵاتیان دەیدەن بەبریكارەكانی خۆراك و هۆشداریش دەدات، "هەر بریكارێكی پارەی زیادە لەهاوڵاتیان وەربگرێت ڕوبەڕوی سزا دەكرێتەوە".

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژەكراوە بەبڕیاری زیادكردنی وەرگرتنی پارە لەهاوڵاتیان لەلایەن بریكارەكانی خۆراكەوە و ڕایدەگەیەنێت "بڕی وەرگرتنی پارەی بەشە خۆراك بەبڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق لە250 دینارەوە بۆ 500 دینار زیادكراوە، بەڵام بەشێك لەبریكارەكان زیاتر لەو بڕەیان لەهاوڵاتیان وەرگرتوە".

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتوە "لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیانی سنورەكانی (سلێمانی، ڕانیە، سەنگەسەرو چوارقوڕنە) ئاسایش ئاگاداركراوەتەوە كە بەشێك لەبریكارەكان 750 بۆ هەزار دیناریان لە هاوڵاتیان وەرگرتوە و سەرپێچیان كردوە، لەو ڕوەوە هۆشداری بەبریكارەكان دراوە".

هەروەك لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەدا بۆ هاوڵاتیان چەند ژمارە تەلەفۆنێك بڵاوكراوەتەوە و ئاسایش داوادەكات "لەئەگەری دوبارە بونەوەی هەر حاڵەتێكی وەرگرتنی پارەی زیادە لەهاوڵاتیان لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆنەكانی 07701566932 یان 0538640515 بەپەلە پەیوەندییان پێوەبكرێت".




PM:01:42:29/08/2017