نوێترین زانیاری لەسەر دەستکاریکردنی مووچەی مامۆستایان

بەرپرسێکی یەکێتی مامۆستایان رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم بەڵێنی داوە دەستکاری مووچەی مامۆستایان بکرێت.

واحید محەمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان راگەیاند " نامەیەكی تایبەتیان لەبارەی دەستكاریكردنی مووچەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و تێیدا داوایان كردووە كە دەستكاری مووچەی مامۆستایان بكرێت، بۆ ئەوەی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی پار پڕۆسەی پەروەردە بە دۆخێكی خراپدا تێنەپەڕێت".

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە ماڵپەڕی (وشەی) راگەیاندووە "، ئەوان چاوەڕوانی بەڵێنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە پێیان ڕاگەیەنراوە كە دەستكاری مووچە دەكرێت".

بەپرسەكەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕوونی كردەوە كە پاڵەپەستۆكانیان بەردەوام دەبێت تا دەستكاری مووچەی مامۆستایان دەكرێت و نایانەوێت خۆپێشاندان دەست پێ بكاتەوە و پڕۆسەی پەروەردە تێك بچێت.

ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات و مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی ڕایان گەیاندووە، ئەگەر دۆخی مامۆستایان باش نەكرێت، دەست بە خۆپێشاندان دەكەنەوە.



AM:11:32:30/08/2017