پەرلەمانتارێکی گۆڕان: هەرێم دەبێت لەئێستادا بڕی 600 ملیۆن دۆلار بدات بە داناغاز

پەرلەمانتارێکی کوردستان ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای دانەغاز ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، "ئەو ڕێکەوتنە کارێکی باشە، بەڵام ئیمتیازاتێکی ئێجگار زۆر دراوەتە کۆمپانیاکەو ھۆکارەکەشی ناڕونە"، دەڵێت" دەبێت لە ئێستادا هەرێم ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بدات بە داناغاز، هێندەی مووچەی ئێستای فەرمانبەران.

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكردوە، "حكومەتی هەرێم و گروپی پێرل پترلیۆم كە پێنج كۆمپانیایەو لە 35%ی هی دانەغازە (بەدانەغاز ناوی ڕۆیشتوە) ڕێكەوتنێكیان كردوە تاوەكو ساڵی 2049".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان بۆچونی خۆی ئاشكراكردوەو دەڵێت:"ڕەئی من وایە، ڕێككەوتن لەگەڵ دانەغاز كارێكی باشە، بەڵام ئیمتیازاتی زۆر زۆر دراوەتە كۆمپانیاكەو هۆكارەكەشی ناڕونە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" بەگوێرەی ئەو ڕێكەوتنە، حكومەتی هەرێم دەبێت دوو بڕی ملیارو 239 ملیۆن دۆلار بداتە دانەغاز، لەو ڕوەشەوە دەڵێت:"پێشتریش دەمانوت دۆڕاون، بەڵام ئەوان ڕەتیاندەكردەوە".

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "حكومەتی هەرێم دەبێت لەئێستادا بڕی 600 ملیۆن دۆلار بدات بەكۆمپانیاكە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا حكومەت دەتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات كە موچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە".

هەروەها دەشڵێت "هاوكات دەبێت حكومەتی هەرێم لەكاتێكی دیكەدا بڕی 400 ملیۆن دۆلاری دیكە بدات و كۆمپانیا ئەم پارەیە لەوەبەرهێناندا خەرجدەكات، هەروەها دانەغاز بڕی یەك ملیارو 239 ملیۆن دۆلار لەفرۆشتنی بەرهەمدا بۆخۆی هەڵدەگرێتەوە".

ڕێكەوتنەكەی دانەغازو حكومەتی هەرێم لەكاتێكدایە، بەرهەمی گازی سروشتی ئێستا 360 ملیۆن پێ سێجایەو پاش وەبەرهێنان زیاد دەكات بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا، پەرلەمانتارەكەش دەڵێت:"دوای گەڕاندنەوەی پارەی خەرجكراو لەلایەن پێرلپتریۆم (دانەغاز)، قازانجەكەی بریتی دەبێت لە ٧٨٪ بۆ حكومەت و ٢٢٪ بۆ دانەغاز".

عەلی حەمە ساڵح دەشڵیت "بەهیچ شێوەیەك باسی لە١٠٪ موڵكانە نەكراوە كەدەبوو بۆ حكومەت بێت (لەگرێبەستەكانی نەوت و یاسای نەوت غازدا هەیە) لەگەڵ باجەكان، هەروەها (لەگرێبەستەكانی نەوت و یاسای نەوت و گازدا هەیە) كە دەبێت كۆمپانیا بیدات، بەڵام لەم ڕێكەوتنەدا باسنەكراوە، سەرباری ئەوەش دوو كێڵگەی دیكەش دەخرێتە بەردەمی كۆمپانیا بۆ وەبەرهێنان".

سەبارەت بەزیانەكانی هەرێمیش لەو ڕێكەوتنەدا عەلی حەمەساڵح نوسیویەتی ((جگە لەو ٣٦٠ ملیۆن پێ سێجا گازە سروشتیەی ئێستا بەرهەمدێت، بڕی ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجاش بەرهەم زیاددەبێت، لەم بڕە كۆمپانیا ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا دەفرۆشێت بەحكومەتی هەرێم بۆ كارەباو ٢٥٠ ملیۆنی دیكەش لەبازاڕی عیراق یان دەرەوە دەفرۆشێت، لەگەڵ ئەوەش بەهیچ شێوەیەك باسی كۆندێن سەیت واتە غازی ماڵان نەكراوە)).



PM:02:48:31/08/2017