هاوپەیمانی دژی داعش: لە هاوکاریکردنی یەپەگە بەردەوام دەبین

فەرماندەی هێزی هاوپەیمانی دژی داعش ڕایدەگەیەنێت هەماهەنگی ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە؟بەردەوام دەبێت بۆ ڕاماڵینی جیهادییەکان لە دۆڵی ڕووباری فورات.


ستیفن تاونسند فەرماندەی هێزی هاوپەیمانی دژی داعش لە  بەغداوە بە ژمارەیەک ڕۆژنامەنوسی واشنتۆنی ڕاگەیاند، دوا قۆناغی شەڕی داعش لە دۆڵی ڕووباری فورات لە پارێزگای دێرزوورەوە بۆ ناوچەی ڕاوەی عێراق دەبێت، و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەشداری ئۆپراسیۆنەکە دەکەن.

تاونسند وتووشیەتی "هێزەکانی سوریای دیموکرات لە نزیکەی ٥٠ هەزار شەڕڤان پێکدێن، کە نیوەیان عەرەبن "ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە کە هێزەکە دەتوانێت هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی ڕەقە ئەو ئەرکەش جێبەجێ بکات".

فەرماندەکە وتووشیەتی "دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە هێزەکانی سوریای دیموکرات هێزی ئەمنی عێراق نین، ئەوان تانک و هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییان نییە، ئەوان هێزێکی پیادەی ناوازەن بە کۆمەڵێک چەک و جبەخانەی قورسەوە کە یاریدەدەری هاوپەیمانانن''، ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هەسەدە هێزێکی کاریگەری دژ بە داعش بووە لە سوریا و هەر واش دەمێنێتەوە.



PM:01:17:02/09/2017