حساب بانکی بۆ فەرمانبەران دروستدەكرێت

 

سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستانیش پلانی حكومەتی هەرێم بۆ دانەوەی قەرزەكان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت "حساب بانكی بۆ فەرمانبەران دروستدەكرێت".


د.عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە "لەئێستادا حكومەت كار لەسەر دانانی حسابی بانكی بۆ هەر فەرمانبەرێكی دەكات و تاسەرەتای ساڵی ئایندەش كارەكانی تەواودەبێت".

سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەوەشی ئاشكراكردووە "هەموو ئەو پاشەكەوتانەی لەسەر موچەی فەرمانبەران كراوە، دەچێتە سەر ئەو حساب بانكیە بەژمارە، بەڵام پاشەكەوتەكە بەكاش و نەختینە بەهیچ فەرمانبەرێك نادرێتەوە".

بەوتەی د.عیزەت سابیر، "دوای كردنەوەی ئەو حساب بانكیە، فەرمانبەران دەتوانن لەو ڕێگەیەوە پارەی كارەباو ئاوو قەرزی نیشتەجێبون و پێشینەی خانوبەرە بدەنەوە".



AM:10:16:03/09/2017