وردەکاری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ماوەى دوو ڕۆژە هاووڵاتیانى شارى بانە دەستیان بە دەربڕینی خۆپیشاندان و ناڕەزایی کردووە لە دژى کوشتنى کۆڵبەرانى شارەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە و لە ئەنجامدا پێکداهەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ڕویدا.


دوێنێ هێزە ئەمنییەکانى ئێران لە سنوورى هەنگەژاڵ لە شارى بانەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان تەقەیان لە دوو کۆڵبەر کرد و هاوڵاتیان و کەسوکاریشیان بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنى ئەودوو کۆڵبەرە چوونە بەردەم قائیمقامیەتى شاری بانە و گردبوونەوەیەکى ناڕەزایەتیان ئەنجامدا .

سەرەتا خۆپیشاندەران بە رێپێوانێکی هێمنانە بەرەو بەردەم قایمقامەت بەڕێکەوتن، تاوەکو ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران بە بەرپرسان بگەیێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی قایمقامیەت ئامادەنەبوون وەڵامیان بدەنەوە، هێرشیان کردە سەر باڵەخانی قایمقامییەت.

بەگوتەی شایەتحاڵان ژمارەی خۆپیشاندەران گەیشتووەتە هەزاران کەس، لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەکەش قایمقامی شاری بانە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە. خەڵک دەرگا و پەنجەرەی قایمقامەتییان شکاندوون و دەوروبەری باڵەخانەکەیان گرتووە.

داواکاری خەڵک ئەوەیە دەست لە کوشتنی کۆڵبەران هەڵبگیرێت، کاری کۆڵبەری رێکبخرێتەوە، چونکە کۆڵبەر قاچاخچی نییە، خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی قایمقام دەکەن، داواش دەکەن بکوژی ئەو دوو کۆڵبەرەی دوێنێ کوژراون بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێندرێن.

کۆڵبەرەکان دەڵێن لەبەر بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی دیکەی داهات بەناچاری پەنا بۆ ئەو کارە دەبەن. پێشتریش رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو، گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل لەلایەن کۆڵبەرەکانەوە کێشە نییە. بەڵام سەرەڕای ئەو لێدوانە ساڵانە دەیان کەس لە کۆڵبەرەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەبن.



PM:02:25:05/09/2017