ئەمڕۆ زانكۆلاین كارا دەبێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە (زانكۆلاین) بۆ دەرچوانی خولی یەكەمی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی كارا بكرێ.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕیكەوتی (٦/٩/٢٠١٧) لە كۆبونەوەی لێژنەی باڵای وەرگرتن، كە بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیاردرا لە سەعات (٥)ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ڕێكەوتی (٦/٩/٢٠١٧) وێبسایتی زانكۆلاین بەناونیشانی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕێكەوتی (١٤/٩/٢٠١٧) بۆ دەرچوانی خولی یەكەمی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی كارا بكرێ.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەكات، بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن لە كاتی كارابونی (زانكۆلاین) بەكۆدی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی بچنە ناو سیتسمی زانكۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بكەن و پاشانیش لەڕێگەی كورتە نامەیەكەوە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات و، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانكۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و كۆلێژ و پەیمانگە لە زانكۆكان.

عەباس ئەكرەم وتیشی "لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەت كراوەتەوە، بەشێوەیەك لە ئێستادا تەنها دەرچوانی خولی یەكەم دەتوانن لە ڕێگەی (زانكۆلاین) داوا پێشكەش بكەن ود لە كاتێكی دیكەدا (زانكۆلاین) بۆ دەرچوانی خولی دوەم كارا دەكرێتەوە، ڕونیشكردەوە دەرچوانی ساڵی پار خولی یەكەم و دووەم ئەوانەی كە ناویان لە هیچ بەش و كۆلێژێك نەگەڕاوەتەوە بەهەمان شێوە دەتوانن لەو ماوەیەدا واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕێكەوتی (١٤/٩/٢٠١٧) دەتوانن لە ڕێگەی (زانكۆلاین) داواكاری پێشكەش بكەن".

عەباس ئەكرەم لە لێدوانەكەیدا ڕایگەیاند: كۆمەڵەی پزیشكی، ئەندازیاری،بەشی یاسا، بەشەكانی زیندەوەرزانی و كیمیا و كۆمپیوتەر لە كۆلێژەكانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە كۆلێژ و سكوڵەكانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەكان و ئەدەبیات لە ڕێگەی (زانكۆلاین) خوێندكاران دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن، هەروەك دەرچوانیش سەرپشككراون كە داواكاری بۆ چەند شوێن پێشكەش بكەن.

هەروەها ڕوونیشیكردەوە بۆ ئەو دەرچوانەی كە كارتی نیشتیمانیان دەركردوەو، ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەكاتی پركردنەوەی فۆرمی پێشكەشكردن لە(زانكۆلاین) و، لە هەر شوێنێك داوای ژمارەی ڕەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی، ئەوا دەتوانن ژمارەی كارتی نیشتیمانیان بنوسن تا كارەكانیان بەتەواوەتی بۆ ڕایبكرێ.




PM:01:54:06/09/2017