نێچیرڤان بارزانی‌و وەفدێکی باڵای پارتی بەنهێنی سەردانی ئێران دەکەن

‌وێنە .. ئەرشیف
نێچیرڤان بارزانی لەهەوڵێکی چڕ و پڕدایە بۆ چاککردنی پەیوەندیەکانی بارزانی و پارتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و، چەند رۆژێک پێش جەژن سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای پارتی کردووە بۆ ئێران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی  بە یاوەری فازل میرانی و ئازاد بەرواری لە چەند رۆژێک پێش جەژن سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووەو لەگەڵ بەرپرسانی سووپای پاسداران و بەرپرسانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دوو دەزگای خاوەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەن کۆبوونەتەوە".

 بەپێی زانیارییەکانی سپی وەفدەکەی پارتی لەگەڵ عەلی شامخانی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و چەند بەرپرسی تری کۆماری ئیسلامی کۆبوونەتەوە.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بارزانی سەردانی ئەو وڵاتە بکات و لەنزیکەوە کاریگەری لەسەر دروست بکەن تا ریفراندۆم ئەنجام نەدات کە ئەو وڵاتە ئەو پرۆسەیە بەمەترسی گەورە دەزانێت لەسەر ئەمنی نیشتمانی عێراق و ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی سپی کۆماری ئیسلامی ئێران رازیبووە کە بارزانی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئەو وڵاتەدا کۆبێتەوە، وەفدەکەی پارتی داوایان کردووە لەگەڵ عەلی خامەنەئی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کۆبوونەوەی بۆ سازبکرێت، لایەنی ئێرانی بەوەش رازی بووە، بەڵام پارتی داوای کردووە کە ئاڵای کوردستانیش لەو کۆبوونەوەیەدا دابنرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی بەلاوە پەسەند نەبووە.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بارزانی نایەوێت تا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم سەردانی ئێران بکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بارزانی سەردانیان بکات و، فشاری بخەنە سەر تا ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت.

لەو کۆبوونەوانەدا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی تەواوی خۆیان نیشان داوە کە ئەگەر هەرێم ریفراندۆم نەکات، ئەوان هەوڵی جدی بدەن تا بەغداو هەولێر لەسەر سەرجەم کێشەکان بگەنە ئەنجام. ( وەک سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ کرد ).

هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان ئاشکرایە کە بەهەموو شێوەیەک دژای دەوەستنەوەو، بە ئاشکراش بە وەفدە جیاجیاکانی یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تریان راگەیاندووە، ئەگەر ئەنجام بدرێت بەهەموو شێوەیە دژی دەوەستنەوەو چیان پێبکرێت لە دژی ئەنجامی دەدەن.



PM:01:53:07/09/2017