"سەردانی وەفدی یەکێتی بۆ لای گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی گەمەیەکی سیاسی یە"

سەردانی وەفدی یەکێتی بۆ لای گۆڕان و کۆمەڵ بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمان گەمەیەکی سیاسییەو یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لەپشت ئەو گەمەوەکەوەیە بەئاگاداری پارتی. 

دوێنێ سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدا لەسەر دروستکردن وەفدێک بە سەرۆکایەتی شۆرش ئیسماعیل و ئەندامێتی چەند بەرپرسێکی تری یەکێتی بە جیا سەردانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بکەن بەمەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمان، سپی زانیوویەتی کە یەکێک لە بەرپرسە بالآکانی یەکێتی لە پشت ئەم گەمەیەوە و پارتیش لەو گەمەیە ئاگادارە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە گەمەکە سەرەتا لە پێکهاتەی وەفدەکەوە دەست پێدەکات، ناردنی ئەو وەفدە بەو پێکهاتەیە کە زۆربەیان هاوڕان لەگەڵ تێڕوانینی گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەشێکی گەمەکەیە کە لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە گۆڕان پێشنیارەکانی ئەو وەفدەش رەتدەکاتەوە بەمەش چیتر لەناو یەکێتیدا هیچ بەهانەیەک نامێنێت بۆ کارا نەکردنەوەی پەرلەمان.

دیووی دووەمی گەمەکە، لەوەدا خۆی دەبێنێتەوە کە ئەگەر گۆڕانیش وەلآمی پۆزەتیفانە بوو بۆ داواکاری وەفدەکە، ئەوا پەرلەمان کارا دەکرێتەوە و تەنها یاسای ڕیفراندۆم بە پەرلەمان دەردەکرێت، بەبێ دەستبردن بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەڵپسێردراوەکانی تری کوردستان کە لایەنەکان رای جیاوازیان لەگەڵ پارتیدا هەیە.

لەم حاڵەتەشدا هیچ میکانیزمێک لە ئارادانییە کە لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان، پرسەکانی وەک یاسای سەرۆکی هەرێم و پرسەکانی تر گفوگۆیان لەسەر بکرێت.

سپی زانیوویەتی کەشی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئەو وەفدەی یەکێتی و گۆڕان پۆزەتیڤ بووەو وەفدەکەش گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە دەبێت پێش کاراکردنەوەی پەرلەمان بەتەوافق لەسەر هەندێک یاسا لەوانە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و چاککردنی مووچە لایەنەکان رێکبکەون، لە پاش ئەوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

دوێنێ ٧ ی ئەیلول سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا لەیتەرێکی حەوتی خاڵی داناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ، هاوکات بڕیاری داوە لەبەر رۆشنایی رێککەوتن لەگەڵ ئەو دوولایەنە، یەکێتی گفتوگۆ لەگەڵ پارتیش بکات.


 



PM:07:38:08/09/2017