وەفدی ئەمەریکا بەڕێوەیە بۆ لای بارزانی دوا ئینزاری دەکەن

ئەمەریکا لە رێگای باڵوێزەکەیەوە لە عێراق هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کردایەتی کورد دەکەن و داوایان لێدەکەن ریفراندۆم دوا بخرێت.

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ١١ ی ئەیلول‌ دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی‌ ئەمریکا لەعێراق و کین گرۆس کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی‌ کوردستان گەیشتنە سلێمانی لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو سەردانەی باڵوێزی ئەمەریکا بۆ گەیاندنی پەیامی توندی ئەو وڵاتە بووە بە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، دوای تەوابوونی سەردانەکەیان بۆ سلێمانی، بەرەو هەولێر رۆشتوون لەوێ لەگەڵ بارزانی کۆدەبنەوەو بە ڕاشکاوانە داوا لە بارزانی دەکەن ریفراندۆم ئەنجام نەدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی کەوتووە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆسرەت رەسول زۆر بەڕاشکاوانە داوایان لە سەرکردایەتی کورد کردووە کە ریفراندۆم ئەنجام نەدەن، بەپێی ئەو زانیاریانە کارگەیتشۆتە ئەوەی کە وەفدەکەی ئەمەریکا باس لەوە بکەن کە هەرچی پەیوەندییانە لەگەڵ سەرکردایەتی کوردا دەیبڕن ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.

بەپێی راگەیاندنی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی لە تەوەرێکی‌ کۆبوونەوەکەدا "پرسی ریفراندۆم و چۆنیەتی‌ ئەنجامدانی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان، لەمڕووەوە هەردوولا گفتوگۆی وردو جدی بابەتەکەیان کردو سەرجەم ئەگەرەکانی‌ بەردەم ئەنجامدانی‌ ئەم پرسەو تێبینی‌ وڵاتان بەگشتی‌ و ئەمریکا بەتایبەتی‌ لەمەڕ کاتی‌ ئەنجامدانی‌ پرۆسەکە".

هەروەها لە راگەیاندنەکدا هاتووە " هەر لەو دیدارەدا وەفدی یەکێتی‌ و باڵیۆزخانەی‌ ئەمریکا گفتوگۆیان کرد لەبارەی‌ هەوڵەکانی‌ یەکێتی‌ بۆ کاراکردنەوەی‌ پەرلەمان و رایانگەیاند پێویستە پەرلەمانی‌ کوردستان کارابکرێتەوەو کارە یاساییەکانی‌ خۆی ئەنجامبدا".

وەفدەکەی ئەمەریکا هەر ئەمڕۆ سەردانی بارزانی لە پیرمام دەکەن و ئینزاری کۆتایی خۆیان بە بارزانی رادەگەیەنن و داوای لێدەکەن ریفراندۆم ئەنجام نەدات لە ٢٥ ی ئەیلولدا.



PM:05:53:11/09/2017