برێت مەکگۆرک چی بەسەرکردە کوردەکان راگەیاند

دوو رۆژە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش برێت مەکگۆرک لە کوردستانەو لەگەڵ سەرکردە کوردەکان لە کۆبوونەوەدایەو رای راشکاوانەی ئیدارەی ئەمەریکای پێراگەیاندوون.

سەرچاوەیەکی بەشداربووی کۆبوونەوەی برێت مەکگۆرک لەگەڵ سەرکردە کوردەکان زۆر بە راشکاوانە رای ئیدارەی ئەمەریکایان بە بارزانی و سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕان راگەیاندووە کە ئەوان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نین و، سەرکردایەری کوردیشیان لە مەترسیەکانی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە ئاگادار کردۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە مەکگۆرگ زۆر بە راشکاوانە بە بارزانی و سەرکردە کوردەکانی راگەیاندووە کە هەرچی پەیوەندیەکانمان هەیە لەگەڵ کورددا دەیبڕین و کونسڵەکەیان لە کوردستان و باڵوێزەکەشیان لە بەغدا ئاگادار دەکەنەوە کە لە ٢٦ ی ئەیلولەوە وەلآمی هیچ داوا و پەیوەندیەکی تەلەفونێکی بەرپرسانی کورد نەدەنەوە. ( ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەر کێشەو شەڕێکتان دووچار بوو پەنا نەبەنە بەر ئەمەریکا، چونکە هیچ وەلآمێکی نابێت و کۆمەکیشتان ناکات ).

ئەمە یەکەمجار نییە ئەمەریکا هۆشداری دەداتە بارزانی و بەرپرسەکانی یەکێتی، هەر لەو رۆژەوە کە بارزانی بڕیاریداوە لە ٢٥ ئەیلولدا ریفراندۆم بکات، ئەمەریکا چەندینجار هۆشداری داوە بە سەرکردە کوردەکان، ئەم هاتنەی مەکۆرگ دوا ئینزاری گەورەترین زلهێزی جیهانە. 



PM:02:11:14/09/2017