ئارامی شێخ محەمەد دوو دانیشتنی چارەنووسسازی پەرلەمانی عێراق ئامادە نابێت

ئارامی شێخ محەمەد جێگرە کوردەکەی پەرلەمانی عێراق دوو دانیشتنی گرنگی پەرلەمانی عێراق کە لەسەر ریفراندۆم و لادانی پارێزگاری کەرکوک بوو لەسەر ریفراندۆم بەشدار نابێت.

پەرلەمانتارێکی کوردی پەرلەمانی عێراق کە لەبەر هاوڕێیەتی لەگەڵ ئارامی شێخ محەمەدا نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " ئەو دوو کۆبوونەوە گرنگەی کە ئارامی شێخ محەمەد ئامادەی کۆبوونەوە نابێت، ئێستا ئەویش پێگەو قورسایی وەک د. فواد مەعسومی لێهاتووە، هیچ دەسەلآتێکی نییە".

خۆ وونکردنی ئارامی شێخ محەمەد و بەشداری نەکردنی لەو دوو کۆبوونەوەیە، لە کاتێکدایە کە لیستەکەی ناوبراو دژی هەردوو بڕیارەکە وەستانەوە لەدانیشتنی یەکەم کە پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی وەگرت دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرپشککردنی عەبادی سەرۆک وەزیران کە رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بگرێتە بەر دژی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، لیستەکەی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردو دژی ئەو بڕیارە کۆنگرەی رۆژنامەگەریان بەست، هەروەها لە بڕیاری ئەمرۆشدا ١٤ ی ئەلول کە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری دا د. نەجمەدین کەریم لەسەر پرسی ریفراندۆم " نەک لەسەر پرسی گەندەڵی " لە پۆستەکەی دووربخاتەوە لیستی گۆڕان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد، بەلآم نوێنەرەکەیان وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بەشداری نەکرد.

تا ئێستا ئارامی شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و نووسینگەکەی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو پرسە بلآونەکردۆتەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە لەبەر کاری تایبەت ئامادە نەبووە. پەرلەمانتارەکانی هاوڕێی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەرێم لەسەر لێواری شەڕێکی گەورەیە نوێنەرەکەشی کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەشداری ناکات بەبیانووی هەبوونی "کاری تایبەت". 



PM:03:42:14/09/2017