فراکسیۆنی گۆڕان: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان درێژەدانە بە کودەتاکەی پارتی

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ شەرعیەتدانە بە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم و دەشڵێت "درێژەدانە بە کودەتاکەی پارتی".

برزۆ مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان گەڕانەوەی پەرلەمانە بۆ پێش بونی ئۆپۆزسیۆن و ئەو حزبانەشی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە درێژەیان بە کودەتاکەی پارتیداوە".

وتیشی "پارتی نەویستویەتی پەرلەمان ڕۆڵی هەبێت و نەئەوەشی دەوێت لە ئایندەدا بەڵکو کار لەسەر ئەوەکراوە کە پەرلەمان بۆ مەرامە حزبییەکان بەکاربهێندرێت".

فراکسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەکەدا دەڵێت "لەژێر گوشاری دەرەکی و ناوخۆیدا دانیشتن بە پەرلەمانکرا، بەڵام دانیشتنێک کە شەرعیەتدانە بە ئەنجوومەنی نایاسایی باڵای ڕیفراندۆم".

ئاماژەی بەوەشکردووە "گۆڕان هەر لەسەرەتای هاتنی شەڕی داعشدا پێشنیازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان کردووە، بەڵام ڕەتکراوەتەوە، ئێستاش گۆڕان لەگەڵ بونی دەوڵەتی سەربەخۆدایە بەڵام ئەگەر لە پەرلەمان و ناوەندە شەرعییەکانەوە سەرپەرشتی و بڕیاری بۆ دەربکرێت".

دوای‌ نزیكه‌ی‌ دوو ساڵ له‌كارخستنی‌ له‌لایه‌ن پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌، ئێواره‌ی‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ 15 ی‌ ئه‌یلولی‌ 2017 په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌بێ‌ ئاماده‌بوونی‌  بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كاراكرایه‌وه‌.



PM:10:53:15/09/2017