بارزانی: قەبوڵ ناکەین کەس تەهدیدمان بکات

بارزانی ڕایگەیاند، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیاری خەڵکی کوردستانە نەک کەسێک لە هیچ وڵاتێکی قبوڵ ناکەن بڵێت ڕیفراندۆم ناشەرعییە.

بارزانی ئەمڕۆ لە کەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمدا لە دهۆک ڕایگەیاند "پەرلەمانى کوردستان بڕیاری ریفراندۆمى داوە  ئیتر هیچ بیانویەکى تر نەماوە بۆ نەیارانمان."

ئاماژەی بەوەش کرد، دەوڵەت و حکومەتى ئێستاى عێراق تائیفى مەزهەبییە و دوورە لە دیموکراسییەوە، پەرلەمانى عێراق فیدڕاڵى نییە و لەدەست کۆمەڵێک شوڤێنیدایە

هەروەها وتیشی "ئێمە تەهدیدى کەس ناکەین و قەبوڵیش ناکەین کەس تەهدیدمان بکات" و ڕاشیگەیاند، بڕیارى پەرلەمانى کوردستان بڕیارێکى مێژوویی بوو.

بارزانى ڕاشیگەیاند، هەرێمى کوردستان هیچ ئیعتیبارێک بۆ بڕیارەکانى پەرلەمانى عێراق دانانێت، وتیشی ئیرادەى جەماوەر لە هەرچى هێز و چەک و تەقەمەنى هەیە گەورەترە.

ئاماژەی بەوەش کرد، مانگى ئایارى ساڵى ٢٠١٥ بابەتى ریفراندۆمی لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکى پێشووى ئەمریکا و وڵاتانى دونیا باسکردووە، بەڵام ئێستا هەریەکەو هەڵوێستێکى هەیە.

وتیشی "لە هیچ وڵاتێکی قبوڵ ناکەین بڵێت ڕیفراندۆم ناشەرعییە، چونکە شەرعى بوونى ریفراندۆم تەنها جەماوەرى کوردستان دەتوانێت قسەى لەسەر بکات."

ڕاشیگەیاند "سوپاسى ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەین کە هاوکارییان کردین لە جەنگى دژى داعش، سوپاسى پێشمەرگە قارەمانەکانیش دەکەم و دڵنیام هیچ هێزێکى دونیا ناتوانێت دوژمنێکى وەک داعش بەو چەکەى کە لەدەستى پێشمەرگەدایە بشکێنێت."

بارزانی وتیشی "دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانماندا هەبێت و نامانەوێت هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیاندا بۆ دروستببێت."



PM:06:08:16/09/2017