فوئاد مەعسوم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد پەنا بەرن بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

 


سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق لە میانی پێشوازیکردن لە هادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر گفتوگۆیان کردووە دەربارەی دوا پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان بە تایبەت بابەتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و جەنگی دژی تیرۆر و ئاراستەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی داعش.

بە گوێرەی بەیاننامەکە سەرۆک کۆمار جەختیکردووتەوە "لە گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی یەکڕێزی نیشتیمانی و پێکەوە ژیانی سەرجەم پێکهاتەکان، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە پەنا بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە ببرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی".

ئەوە لە کاتێکدایە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، ئامادەیە دەستوەردانی سەربازی بکات، ئەگەر بزانێت ڕیفراندۆمە چاوەڕوانکراوەکەی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی نانەوەی توندوتیژی.

عەبادی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ڕایگەیاندووە "ئەگەر عێراقییەکان ڕووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە بە بەکارهێنانی هێز لە دەرەوەی یاسا، ئەوا دەستوەردانی سەربازی دەکەین".

وتیشی "ڕیفراندۆم مەترسیە و پێشێلکاری سەروەری خاکی عێراقە".



PM:09:45:16/09/2017