تورکیا: ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر ڕیفراندۆم دەگرینەبەر

سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیەوە هەیە و ڕێوشوێنی پێویستی بەرامبەر دەگرینە بەر.

ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئەیلول بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا  ڕایگەیاند "ڕیفراندۆمە چاوەڕوانکراوەکەی هەرێمی کوردستان بابەتێکە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە هەیە و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی لە بەرامبەر دەگرینە بەر".

دوێنی هەینی ١٥ی ئەیلول رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بڕیاری بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و دوانەخستنی بڕیارێکی "زۆر هەڵەیە".

وتەکانی بەرپرسانی باڵای تورکیا لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە بارزانی ڕایگەیاند، بڕیاری ٧ی حوزەیران بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیاری خەڵکی کوردستانە نەک کەسێک و لە هیچ وڵاتێکی قبوڵ ناکەن بڵێت ڕیفراندۆم ناشەرعییە.

هەروەها وتیشی "ئێمە تەهدیدى کەس ناکەین و قبوڵیش ناکەین کەس تەهدیدمان بکات" و ڕاشیگەیاند، بڕیارى پەرلەمانى کوردستان بڕیارێکى مێژوویی بوو.



PM:11:05:16/09/2017