ئاسایشی کەرکوک لەبارەی تەقینەوەکەی گەڕەکی عەدەن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پاش تەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی گەڕەكی (عەدەن)ی شاری كەركوك، ئاسایشی پارتی لەو شارە ڕایدەگەیەنێت تیرۆریستان دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت، دۆخی ئەمنیی شارەكە تێك بدەن و هاوڵاتیان بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا نەكەن.


بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك (پارتی)، "شەوی ڕابردوو 16/9/2017 دوژمنانی كورد و ڕیفراندۆم، كردەوەیەكی تیرۆریستییان لە گەڕەكی (عەدەن)ی شاری كەركووك ئەنجام دا و بەهۆیەوە 3 هاووڵاتی شەهید بوون و 10 هاووڵاتی دیكەش بریندار بوون."


بەپێی ڕاگەیەندراوەكە "تیرۆریستان و دوژمنانی سەقامگیریی كەركووك هەرگیز چاویان بە دۆخی هێمن و ئارامی ئەم شارە هەڵنایەت کە لە سایەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانەوە هاتووەتە دی، بۆیە دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت، دۆحی ئەمنیی تێك بدەن و ترس و دڵەڕاوكێ بخەنە دڵی هاونیشتمانییانەوە".


لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە "تیرۆریستان دەیانەوێ بەمكارانە وا بكەن هاووڵاتیان بەشداریی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان نەكەن، بەڵام خەڵكی كەركووك هەموو كات ڕووبەڕووی دوژمنان بووەتەوە و لەوپێناوەشدا قوربانیی داوە و هەموو دۆخە هەستیار و دژوارەكانی تێپەڕاندووە".



AM:10:47:17/09/2017