گۆڕان لەبارەی كۆبوونەوەی سبەینێوە بڕیاریدا

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان بەشداری كۆبوونەوەی سبەینێ نابێت كە لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بانهێشتی بۆ كراوە دەشڵێت "ئەگەری بوون بە ئۆپۆزسیۆن لەبەردەمماندا كراوەیە".

عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری كۆبوونەوەی سبەینێ نابێت كە لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بانهێشت بۆ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و سەرۆكی چەند لیژنەیەك نێردراوە سەبارەت بە پرسی پاشەكەوتی موچە.

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان نیە، چونكە ئەوە "بڕیارێكی نایاسایی حكومەتە و هەر حكومەتیش بە بڕیارێك دەتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە".

ناوبراو سەبارەت بە دوا بڕیاری گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی پەرلەمان ڕایگەیاند "ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان ئۆرگانێكین لە بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە بۆ دوا بڕیار چاوەڕێی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی دەكەین و هەر بڕیارێك بدات پابەندین پێوەی".

ئاشكراشیكرد لە ئایندەیەكی نزیكدا جڤاتی نیشتیمانی لەسەر ئەو پرسە كۆدەبێتەوە و بڕیاردەدات وتیشی "ئەگەری ئۆپۆزسیۆن بوون كراوەیە لەبەردەمماندا".



PM:02:10:17/09/2017