بارزانی: ئەگەر زەمانەتی نێودەوڵەتی هەبێت گفتوگۆ لەبارەی دواخستنی ڕیفراندۆمەوە دەکەین

بارزانی ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق ئامادەیی هەبێت بۆ گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی کوردستان و زەمانەتی نێودەوڵەتی هەبێت ئەوە گفتوگۆی لەبارەی دواخستنی ڕیفراندۆمەوە دەکرێت.

ئەمڕۆ مایکڵ فاڵۆن وەزیری بەرگری بەریتانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانیدا کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگری بەریتانیا داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی لە سەرکردایەتی کورد کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم  لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگری بەریتانیا وتویەتی داواکارن ڕیفراندۆم دوابخرێت و لەبەرانبەردا پڕۆسەیەکی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکرێت و پڕۆسەکەش بە ئەجێندای کراوە و لەژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.

بارزانی ڕایگەیاندووە "بڕیاری ڕیفراندۆم لەلایەن حزبەکانەوە نەدراوە و بڕیاری گەلی کوردە و ئەگەر لەسەر پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی شەراکەت و هاوسەنگی، بەردەوام بن ئێمە بۆ ڕای گەلەکەمان دەگەڕێینەوە".

وتوشیەتی "ئێمە هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، لە لامەرکەزییەوە بگرە بۆ ئۆتۆنۆمی و تا دەگاتە فیدراڵی، هەموویمان تاقی کردەوە و شکستیان هێنا، جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە، دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین و باشترین پەیوەندیمان هەبێت".

بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەو بەدیلانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو، گرنتی گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی و ئامادەیی بەغدا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی کوردستانی تێدا نەبووە، بۆیە داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم تەنها لەپێناو گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بەبێ ئەوەی بزاندرێ لەسەر چییە و چ گرێنتییەکی نێودەوڵەتی دەبێت، ڕیفراندۆم دوا ناخرێت".



PM:09:35:18/09/2017