فەلاح مستەفا: تا ئێستا هیچ گرنتیەکی نێو دەوڵەتی نییە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ گەرەنتییەکی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کورداستانی عێراق لە ئایندەدا، پێشکەش نەکردووە".

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فرانس 24)، رایگەیاندووە" گەلی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا".

ناوبراو رایگەیاندووە" ئەو پێشنیازانەی پێشکەشی هەرێمی کوردستان کراون بۆ دواخستنی ریفراندۆم، تەنیا باسی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەکەن".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە"گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق هیچ سوودی نییە و نموونەی بە گفتوگۆ و رێککەوتنەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هێناوەتەوە، کە لە 13 ساڵی رابردوودا ئەنجام دراون و بەغدا پابەندیان نەبووە".

ئەو لێدوانانەی فەلاح مستەفا لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ریفراندۆم کۆدەبێتەوەو بڕیار لەسەر ئەنجامدان، یان نەدانی ریفراندۆم دەدات.



AM:11:55:21/09/2017