تورکیا: دەوڵەتی کوردی قبوڵ ناکەین

بیناڵی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا، داوا لە هەرێم دەکات واز لە ڕیفراندۆم بهێ دەشڵێت "هەرگیز دەوڵەتی کوردی لە عێراق قبوڵ ناکەین".

ئەمڕۆ هەینی بیناڵی یڵدرم پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا لەکاتی لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان داوای لە سەرکردەکانی هەرێم کرد واز لە پلانی ڕیفراندۆم بهێنن بۆ سەربەخۆیی و وتیشی "هێشتا زۆر درەنگ نەبووە کە واز لەو سەرکەشییە بهێنن".

بیناڵی یڵدرم ڕایگەیاند، بڕیاری ڕیفراندۆم پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە هەیە و دەشڵێت، "کاتێک بێتە سەر باسی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەوان ناوەستن لەبەکارهێنانی ئەو مافانەی خۆیان کە لەڕێگەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەستیانهێناوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، گۆڕانکاری لە باری ئێستای سوریا و عێراقدا ئەنجامێکی دەبێت کە ئەوان هەرگیز قبوڵی ناکەن و ڕێکاری پێویستیش دژی دەگرنەبەر.

هاوکات بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لوتکەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جەختیانکردووەتەوە کە دژی ڕیفراندۆمی هەرێمن و دەبێتەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە.

بڕیارە ڕۆژى ٢٥ى ئەیلول ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى لە هەرێمى کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بەڕێوەبچێت.



PM:04:13:22/09/2017