گفتوگۆکانی هاوپەیمانى نیشتیمانى وەفدی کوردی شکستیهێنا

گفتوگۆکانی هاوپەیمانى نیشتیمانى و وەفدی کوردی شکستیهێنا و  هاوپەیمانى نیشتیمانى ڕایگەیاند "جارێکى تر گفتوگۆ ناکەین هەتا ڕیفراندۆم دوانەخرێت".


ئەمڕۆ شەممە 23ی ئەیلول شاندێکی ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم، سەردانى بەغدایان کرد، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانى نیشتیمانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕیفراندۆمی بڕیار لێدراوی باشوری کوردستان.

پاش کۆبوونەوەکە رۆژ نوری شاوەیس، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەكۆبوونەوەكەدا زۆر راشكاوانە گفتوگۆمان كردو ئێمە ئامادەین بۆ دیالۆگ لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان".

وتیشی "برایانی شیعە داوایانكرد، ریفراندۆم دوابخرێت و گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا بەردەوام بێت، ئێمەش دەڵێین پێش و پاش ریفراندۆم گفتوگۆكان بەردەوام بێت".

سەبارەت بەئەنجامدانی ریفراندۆم لەكەركوك، رۆژ نوری شاوەیس  رایگەیاند "ریفراندۆم لەكەركوك و ناوچەكانی دیكەش لەوادەی خۆیدا دەكرێت".

هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی و یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە ڕایگەیاند "سەرەڕای نیگەرانی بەشێک لە کادیرانمان بەڵام یەکێتی بەشداری ڕیفراندۆم دەکات".

هاوکات عەلى عەلاق، سەرکردە لە هاوپەیمانى نیشتیمانى لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پشتگیری هەموو ڕێکارەکانى حکومەتى ناوەندى دەکەین دژى ڕیفراندۆم".

وتیشی "ئەنجامەکانى ئەم ڕیفراندۆمە لە بەرژەوەندى گەلى کورددا نابێت".



PM:07:29:23/09/2017