لەسەر كەركوك حاکم قادر پەیامێک بۆ کۆسرەت رەسول دەنێرێت

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێک بۆ جێگری سکرتێری گشتی حیزبەکەی دەنێرێت و بەپێویستی دەزانێت، ریفراندۆم بۆسەربەخۆیی بەگشتی ئەنجام بدرێت و ئەگەر لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیکە نەكرێ‌ ، لەڕووی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەی و مێژووییەوە نادروستە.

حاکم قادر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەروەها لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەگەر بەبێ‌ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ریفراندۆم بكرێت ، راگرتنی باشترە".

دەقی پەیامەکەی حاکم قادر بۆ کۆسرەت رەسول

لە/ حاكم قادر
بۆ بەڕێز / كاك كۆسرەت , جێگری سكرتیری گشتی ی.ن.ك
بۆ بەڕێزان / ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك
پاش سڵاو ...

ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی مافێكی دیموكراتیانەو ڕەوای گەلی كوردستانە وەك مافی چارەنوس بۆگەلی كوردستان لە هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان ..ئەمە بڕیارو هەڵوێستی (ی.ن.ك) بووە.

پێویستە ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی بەگشتی ئەنجام بدرێت و هەڵوێستمان ئاشكراو ڕوون بووە وەك (ی.ن.ك) لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، كە مافێكی رەوا و حاشاهەڵنەگری گەلی كوردستانە لەسەر بنەماكانی (جاری جیهانی مافەكانی مرۆڤ) .

ئەگەر لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر نەكرێ‌ , لەڕووی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەی و مێژووییەوە نادروستە.

لەبەرئەوە بەبێ‌ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ڕیفراندۆم بكرێت ، ڕاگرتنی باشترە لە ئێستادا بەو مەرجەی بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین ڕێگاچارەیەكی گونجاوی ئەوتۆ بدۆزینەوە كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا بێت بە گشتی.

لەگەل رێزدا.



PM:12:25:24/09/2017