ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات سەرجەم دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، داوا لە وڵاتانیش دەکات بۆ پرسە ئابوری و بازرگانیەکانی هەرێم بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.


ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئەیلول لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند "بەو پێیەی دەروازە سنورەکان سەر بە حکومەتی فیدراڵین، هەروەها نەوت کە بە پێی دەستور سەروەتی هەموو گەلی عێراقە، بۆیە حکومەتی عێراق هەرێمی کوردستان ڕادەسپێرێت سەرجەم دەروازە سنورییەکان لە ناویشیاندا فڕۆکەخانەکان ڕادەستی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بکات".

داواش لە وڵاتانی دراوسێ و جیهان دەکات کە تەنها مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەن لە دۆسیەی دەروازە سنورییەکان نەوت، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی کاری هاوردەی کەلوپەل و کەسەکان بۆ هەرێم و بە پێچەوانەوە ڕێکبخات".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەنجومەنەکە ڕێوشوێنی لایەنە پەیوەندارەکان تاوتوێ دەکات، لە ناویشیاندا کاری تیمەکانی گێرانەوەی پارەکانی عێراق و چاودێکردنی حسابەتەکانی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوانی هەرێم، بە تایبەت ئەوانەیان کە داهاتی هەناردەکردنی نەوت دەخنە حساباتەکانی خۆیانەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق هاتووە "داواشی لە داواکاری گشتی کردووە، لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە  لەو کەسانە بکات کە ڕێوشوێنەکانی ڕیفراندۆمی دژی دەستور و بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمەودوا کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنەکە بەردەوام دەبێت بۆ چاودێری و چارەسەرکردن و گرتنە بەری ڕێوشوێنەکانی ڕیفراندۆمی هەرێم. 

بڕیارە سبەینێ ٢٥ى ئەیلولی ٢٠١٧ ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەڕێوە بچێت



PM:09:16:24/09/2017