نێچیرڤان بارزانی: دەنگدانی عومەری سەید عەلی بە بەڵێ شۆکی نەکردووم

سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەنگیدا و  دەڵێت "ڕیفراندۆم بۆ ئەوە نییە ڕاستەوخۆ دەوڵەت دروست بکەین و سنوور دیاری بکەین"، وتیشی "دەنگدانی عومەری سەید عەلی بە بەڵێ شۆکی نەکردووم".


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە وتەیەکیدا لەدوای دەنگدانی لە هەولێر وتی "ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت هەڕەشە نییە بۆسەر تورکیا و ئێران، هیوادارین تورکیا لەوە تێبگات بۆ ئێمە ڕیفراندۆم دەکەین، ڕیفراندۆمیش مانای ئەوە نییە سبەینێ ٢٦ ی ئەیلول ئێمە دەوڵەت دروست دەکەین، بەڵکو دەمانەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین".

وتیشی، "بەداخەوە بۆ قسەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەڕەشەکانی دوێنێشی قسەکانی ڕژێمی پێشوومان بەبیردێنێتەوە و دەیەوێت فڕۆکەخانەکان دابخات کە ئێمە لەو فڕۆکەخانانەوە پێشوازیمان لە ئاوارەکانی عێراق کردووە".

تەئکید لەوەش دەکاتەوە قسەکانی عەبادی بۆ سزادانی سەرجەم خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ئەوەش کارێکی نابەجێیە و دەبوو عەبادی بەشێوەیەکی دیکە مامەڵەی بکردایە.

نێچێرڤان بارزانی ئەوەشی وت "من دوو مانگە دەمەوێت سەردانی تورکیا بکەم و بۆیان ڕوونبکەمەوە کە ئێمە بۆچی ڕیفراندۆم دەکەین، بەڵام ڕێگەم پێ نەدراوە و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کردووە و دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان باش بێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تائێستا سنوورەکانی هەرێم دانەخراون، بەڵام پێشبینی ئەوەشدەکەن کە داوای مافی خۆیان دەکەن کێشە ڕوبەڕویان بێتەوە و وتیشی، "ئەوەی کورد دەیکات هەڕەشە نییە لەسەر هیچ وڵاتێک".

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی وت کە "سبەینێش ئاڵاى عێراق لە پشتى منەوە دەبێت و هیچ ناگۆڕێت" ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نایانەوێت ئاڵای عێراق بە شەڕ لابدات بەڵکو دەیەوێت بە گفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەر بکەن.

سەبارەت بە گرێبەستەکانیش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لەو گرێبەستانەدا ناکرێت.

سەبارەت بە دەنگدانی ڕێکخەری گشتی گۆڕانیش بە (بەڵێ) نێچیرڤان بارزانی وتی "هەر ئەوەمان چاوەڕێ دەکرد لە عومەری سەید عەلی و بەوەی کە دەنگیداوە بە بەڵێ شۆک نەبووم".

دەنگدانی هاوڵاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ڕیفراندۆمدا لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی ئەمڕۆوە دەستپێکردووە و ١٢ هەزار بنکەی دەنگدانیش بۆ ئەو مەبەستە کراونەتەوە و کاتژمێر ٦ ی ئێوارەش پرۆسەی دەنگدان کۆتایی دێت.



PM:12:08:25/09/2017