سەرۆکایەتی کۆمار ڕەتیکردەوە فوئاد مەعسوم بەشداری ڕیفراندۆمی کردبێت

 

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕەتیکردەوە فوئاد مەعسوم بەشداری کردبێت لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد کە ناوبراو دەنگی نەداوە.


ئەمڕۆ سێ شەممە لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرچاوەکەیەک لە سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند "فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکردووە لە ڕیفراندۆمەکەدا و دەنگیشی نەداوە".

لە بەشێکی تری لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا ئاماژە بەوەکراوە "هەڵوێستی سەرۆک کۆمار جێگیرە سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیاری تاک لایەنەی ڕیفراندۆم لە ڕێگەی هەوڵ و هەنگاوی پێویست بۆ دوورخستنەوەی وڵات و یەکێتی گەلی عێراق لە هەموو مەترسییەک".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کاری لە پێشینەی مەعسوم بریتی دەبێت لە نوێنەرایەتیکردنی بنەماکانی دەستور و بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ وردەکارییەکی دیکە بکات.

ئەوەش پاش ئەوە دێت فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی ٢٤ی ئەیلول ڕایگەیاند، هەڵوێست و بڕیاری بارزانی سەبارەت بە ڕیفراندۆم تاک لایەنەیە و پێویستە لەسەر سەرکردەکانی کورد بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆکان.



PM:08:56:26/09/2017