مەسعود بارزانی دەبێت بە سەرۆکی دەستەی سەربەخۆیی کوردستان

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاشكرادەكات لەم هەفتەیەدا پۆستەكەی بارزانی یەكلایی دەكرێتەوەو وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەشتیكردنی جێبەجێكرنی سەربەخۆی كوردستان دەستبەكاردەبێت.

عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند "مەسعود بارزانی سورە لەسەر بەڵێنەكانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەنییە خۆی كاندیدبكات و ئەو پۆستەش وەرناگرێتەوە".

ناوبراو وتیشی"لەئێستادا مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمەو بڕیارە لەم هەفتەیەشدا كۆبونەوەیەك بكرێت و گۆڕانكاری لەو ئەنجومەنەشدا بكرێت".

سەبارەت بەپۆستی داهاتوی مەسعود بارزانیش، عارف تەیفور ئاشكرایكرد، "پۆستی داهاتوی مەسعود بارزان یەكلایی دەكرێتەوەو وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەشتیكردنی جێبەجێكردنی سەربەخۆی كوردستان دیاریدەكرێت و بەڕێزیان دەستبەكاردەبن".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەكەن پۆستی سەرۆكی هەرێم لەكوردستان نامێنێت و لیژنەیەك لەكاندیدی سەرجەم لایەنەكان پۆستە باڵاكانی هەرێم بەڕێوەدەبەن، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی بێئاگایی خۆی لەوبارەیەوە ڕاگەیاند. 



AM:11:14:30/09/2017