" بە بڕیارێکی سیاسی ناهێڵرێت سکرتێری پەرلەمان لە دانیشتنی پەرلەماندا دەستلەکارکێشانەوەی پێشەکەش بکات"

ئەمڕۆ ٣٠ ئەیلول سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر کە سەر بە کۆمەڵی ئیسلامی بوو لەبەرنامەیدا بووە بچێتە هۆڵی پەرلەمانەوەو لەوێ دەستلەکارکیشانەوەکەی پێشکەش بکات، بەلآم بە بڕیارێکی سیاسی نەهێلراوە بچێتە پەرلەمانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئەمڕۆ فەخرەدین قادرسکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەیدا بووە کە بچێتە هۆڵی پەرلەمانەوە و لەوێ دەستلەکارێکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات، بەلآم لە رێگای جەعفەر ئێمنکی جێگری سەکرتێری پەرلەمان  و بێگەرد تاڵەبانی سکرتێری کاتی پەرلەمان نەهێڵراوە بچێتە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، دواتر لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا دەستلەکاركێشانەوەکەی خوێندەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد " ئەو بڕیارە کە لەلایەن جەعفەر ئێمنکی و بێگەرد تاڵەبانییەوە بە فەخرەدین قادر راگەیاندراوەو مکوڕبوون لەسەر ئەوە نەچێتە هۆڵی پەرلەمانەوە تا لەوێ دەستلەکاركێشانەوەکەی پێشکەش بکات، بڕیارێکی سیاسی پارتی و یەکێتی بووە".

سپی، پەیوەندیەکی زۆری کرد بە فەخرەدین قادر سکرتێری دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانەوە، بەلآم ناوبراو دەست نەکەوت.

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەی دەستلەکاركێشانەوەکەیدا ڕایگەیاند "هەوڵی زۆرماندا لە پەرلەمانی کوردستان تا بەگژ گەندەڵی و یاسا شکێنییەکان ببینەوە، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکان پەرلەمانیان داخست و لە غیابی پەرلەماندا موچە و بودجەی خەڵکیان کەمکردەوە".

ناوبراو وتیشی "ئەگەرى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان هەیە و نامەوێت لەو پرۆسەیەدا بەشداربم".

فەخرەدین قادر ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم خولەی پەرلەمان کاری نەکراوی خولەکانی دیکەی بەسەرەوە بوو وەک یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و کە دەرفەت نەدرا کاری لەسەر بکرێت".

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وتیشی "ئێمە لەم خولەی پەرلەمان سەرقاڵی پشتگیری پارچەکانی دیکە بوین و هێزمان بۆ کۆبانێ نارد دەبوو ئەزموونی ئەم خولە ببێتە هۆی زیاتر لێکنزیکبوونەوەی کورد لە پاڕجەکانی دیکە، بەڵام لەدوای داخستنی پەرلەمان ئێستا لەهەرجار زیاتر پەیوەندیمان خراپە لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستاندا".

فەخرەدین قادر سەبارەت بە پشکی سکرتێری پەرلەمان وتی "لە پێنج پۆستە سیادییەکەی پەرلەمان و حکومەت یەکێک لەوانە هی کۆمەڵە و هیچ لایەنێک بۆی نییە ئەوە بە مافی ئێمە نەزانێت".

فەخرەدین قادر کە سەر بە کۆمەڵی ئیسلامییە لەم خوولەی پێشوودا بە شێوەیەکی کاتی بوو بە سکرتێری پەرلەمان، بەلآم لە ساڵی ٢٠١٥ پارتی وەک چۆن لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم رێگری لە د. یوسف محەمەد گرت، هاوکات رێگری لە فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمانیش گرت کە بچێتەوە سەر کارەکانی لە هەولێر.

 



PM:12:15:30/09/2017