هێنری لیڤی: کوردستان دەبێتە دووەم دەوڵەتی دیموکراسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

فەیلەسووفێکی ناوداری فەرەنسی و جیهانی پێی وایە عێراق دەوڵەت نییە و کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیاش شکستخواردوون.


بێرنارد هێنری لیڤی، بیرمەند و فەیلەسووفی ناوداری فەرەنسی لە چاوپیکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی CNN، رایگەیاندووە، کە نەیاریی وڵاتان بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”مایەی نیگەرانییەکی قووڵە".


بێرنارد هێنری لیڤی هەروەها رایگەیاندووە، گەلی کوردستان لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا دەنگی بۆ دروستکردنی دیموکراسییەتێکی راستەقینە داوە و کوردستانی سەربەخۆ ”دەبێتە دووەم دەوڵەتی دیموکراسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".


ئەو فەیلەسووفە ئاماژەی بەوە کردووە، کە عێراق ”هەر دەوڵەت نییە" و ئێران و تورکیاش ”دەوڵەتی شکستخواردوو و لادەرن"، بەجۆرێک، کە ئێران ”هیچ دیموکراسییەکی تێدا نییە" و تورکیاش بەهۆی سیاسەتەکانی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمارەوە ”رۆژ بە رۆژ دیموکراسییەت تێیدا لاواز دەبێت".


بێرنارد هێنری لیڤی، کە وەک چاودێرێکی نێودەوڵەتی چاودێریی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی کردبوو، رایگەیاندووە، ”لە راستیدا ریفراندۆمیکی باش بوو، بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو و بە دادپەروەرانە دەنگدان کرا".

ئەو فەیلەسووفە فەرەنسییە برودۆخی ئێستای کوردستان بە بارودۆخی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 دەشووبهێنێت، کە بە ”دەوڵەتە دوژمن و لادەرەکان" دەورەدراوە.


رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبکژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.



AM:11:37:01/10/2017