کۆمەڵی ئیسلامی: دامەزراندنی سەرکردایەتی سیاسی گەڕانەوەیە بۆ داوە

کۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە دامەزراندنی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان – عێراق هاوشێوەی بەرەی کوردستانی پێشوو و گەڕانەوەیە بۆ دواوە.

کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی خۆی لەسەر دامەزراندنی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەربڕی و لە راگەیاندراوێکدا دەڵێن" دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە سیاسیە جگە لەوەی ھیچ شەرعیەتێکی یاسایی نیە، بەڵکو کێشەکانیش قوڵتر دەکاتەوەو ڕیزەکانی گەلی کوردستان پەرتتر دەکات و تەبایی سیاسی لەگۆڕ دەنێت".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌"

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان

پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم بەڵێنیان بە خەڵکی کوردستان دا کە ھەنگاوی بەرەو دەوڵەت بون دەنێن و ڕاپرسی ھەنگاوی یەکەمیان دەبێت.

 ھەربۆیە ھەمووان چاوەڕێ بوین ھەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم گێڕانەوەی ھەیبەت و پێگەی دامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێمی کوردستان بێت و پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان ، بەڵام بەداخەوە ھەمومان گوێبیستی گۆڕینی ناوی ئەنجومەنی ڕیفراندۆم بوین بۆ (سەرکردایەتی سیاسی کوردستان-عیراق)، کە زەمەنی بەرەی کوردستانیمان بیردەخاتەوە، واتە گەڕانەوە بۆ دواوە، داش (-) عێراقەکەش دەیان پرسیار لەسەر ئەم ئەنجومەنە دروست دەکات کە بڕیاری ڕیفراندۆمی بەرەو دەوڵەتی کوردی نا.

دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە سیاسیە جگە لەوەی ھیچ شەرعیەتێکی یاسایی نیە، بەڵکو کێشەکانیش قوڵتر دەکاتەوەو ڕیزەکانی گەلی کوردستان پەرتتر دەکات و تەبایی سیاسی لەگۆڕ دەنێت.

ئەمڕۆ لە ھەرکات زیاتر بارودۆخەکە وا پێویستی دەکرد کە ھەنگاو بۆ یەکڕیزیی و کاری دامەزراوەیی بنێین، بەڵام دیارە دەسەڵاتداران لە ڕێڕەوی کاری خراپی خۆیان بەردەوامن و بڕیارەکانیان دەبێتە ھۆی ئاڵۆزتر کردنی بارودۆخەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە .

ھەربۆیە وەک کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئەو بڕیارە ڕەتدەکەینەوەو دەخوازین دەسەڵاتداران بەئاگا بێنەوەو بزانن چ ڕێگایەک و چ بڕیارێک خزمەت بەم گەلە دەکات ئەو ھەنگاوە بنێن.

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
ئەنجومەنی سیاسی 



PM:03:01:02/10/2017