گۆڕان: ریفراندۆم هێندەی تر ریزەکانی گەلەکەمانی تێکدا

بزووتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا لەسەر بارودۆخی کوردستان دەڵێت" ریفراندۆم هێندەی تر ریزەکانی گەلەکەمانی تێکدا".

لە راگەیاندراوێکدا بزووتنەوەی گۆڕان داوای هەڵوەشانەوەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان- عێراق دەکات.

دەقی راگەیەندراوەکە:

هاونیشتمانیانی کوردستان

گەلەکەمان ئەمڕۆ بە قۆناغێکی هەستیارو مەترسیداردا تێدەپەڕێ. قەیرانی دارایی ‌و بۆشایی یاسایی ‌و نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ژیانی هاوڵاتیان‌و ئاشتی کۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە. هەمو ئەمانەش دەرەنجامی سیاسەتی شکستخواردوی بیستوپێنج ساڵەی دەسەڵاتی خۆماڵییە. سەرەڕای ئەوانە دەسەڵاتە شکستخواردوەکەی هەرێمی کوردستان لە بری چارەسەرکردنی کێشەکان‌و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان‌و دەستەبەرکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی‌ قەیرانێکی تری سیاسیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕال‌و دەوڵەتانی ناوچەکەو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستکرد، کە ئەویش وروژاندنی پرسی ریفراندۆم بو لە کاتێکی نەگونجاودا. 

هێنانەپێشەوەی ریفراندۆم‌و ئەنجامدانی لەم کاتەدا بەبێ زەمینەسازی‌و هێنانەدی یەکڕیزی نیشتمانی بەو هەمو کەموکوڕی‌و تەزویرو دەسکارییەوە،‌ ‌بۆ خۆدزینەوە بو لە چارەسەرکردنی کێشەکان‌و درێژەدان بە قۆرخکردنی دەسەڵاتو تاڵانکردنی زیاتری سامانی وڵات. ریفراندۆم هێندەی تر ریزەکانی گەلەکەمانی تێکداو هێزو لایەنە نێودەوڵەتییە دۆستەکانمانی نیگەران‌و نائومێد کرد. هەروەها بیانوی دا بە هەندێ کەس‌و لایەنی سیاسیی شۆڤێنی کە دژی داخوازییە رەواکانی خەڵکی کوردستان‌ بوەستنەوە. ئێستا دەرەنجام‌و کاردانەوەکانی ریفراندۆم بونەتە مایەی هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان‌‌و  مەترسی لەسەر دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان دروستکردوە‌.

بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە رایگەیاند کە لەم کاتەدا هەلومەرجی ناوخۆیی‌و دەرەکی‌ لەبار نین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم. هەروەها داوامانکرد پێشوازی لە دەسپێشخەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێ‌ بۆ نێوەندگیری لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا. بەڵام سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و هاوڕاکانیان بێگوێدانە بەرژەوەندی گەلەکەمان‌و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە‌و تاوتوێکردنی ئەگەرو کاردانەوەکان ریفراندۆمیان ئەنجامدا.‌ ئێستا هاوڵاتیانی کوردستان لە چاوەڕوانی چارەنوسێکی نادیاردا توشی ترس‌و دڵەڕاوکێ‌و نائومێدی بون.

سەرەڕای هەمو ئەمانەش، دوێنێ لیژنەی باڵای ریفراندۆم، کە لیژنەیەکی حیزبی‌و نایاساییە، خۆیان وەک سەرکردایەتی سیاسی کوردستان– عیراق راگەیاند. راگەیاندنی ئەو سەرکردایەتییە گەڕانەوەیەکی رونی پرۆسەی سیاسیە بۆ دواوە. جگە لەوەش ئەوانە مافی ئەوەیان نیە بەناوی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان خۆیان رابگەیەنن، چونکە بەپێی دەنگ‌و کورسی پەرلەمانیش بێت چەند حیزبێک ناتوانن نوێنەرایەتی هەمو کوردستان بکەن. گەلەکەمان چاوەڕێی ئەوە بو دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تۆکمەو بەنیشتمانی بکەن. بەڵام ئەو هەنگاوەی ئەوان هەوڵێکی ئاشکراو کۆسپێکی ترە بۆ پەراوێزکردن‌و فەرامۆشکردنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان‌و قۆرخکردنی زیاتری بڕیارو دەسەڵاتی سیاسی. هەروەها بەم کارەیان پاساو بۆ ناحەزو نەیارەکانی گەلەکەمان دەهێننەوە کە گەلی کورد شایستەی سەربەخۆیی‌و ئامادەیی خۆبەڕێوەبردنی، لە رێگای دامەزراوەی یاسایی‌و نیشتمانییەوە، نیە.

1. پەرلەمانی کوردستان دەستەیەکی گفتوگۆ لە نوێنەری حکومەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و کەسانی نیشتمانپەروەرو پسپۆڕ دیاری بکات‌و دەست بکرێ بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان‌و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لە چوارچێوەی دەستوری عیراقدا‌.

2. حکومەتی فیدڕالی عیراق‌و  ئەنجومەنی نوێنەران پێداچونەوە بە هەمو ئەو بڕیارو راسپاردانەدا بکەن، کە لە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و دواتریش کراون‌‌و ئەوانەیان هەڵوەشێننەوە کە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانن‌و دەبنە مایەی ئاڵۆزی‌و ناسەقامگیری‌و نابێ رێگە بە گەلەکۆمەکی ئیقلیمی بدرێ بۆ سزادانی گەلەکەمان. هەروەها بەرپرسیاریان دەکەین لە جێبەجێکردنی هەمو ئەو مافانەی لە دەستوری عیراقدا بۆ خەڵکی کوردستان چەسپێنراون‌، بەڵام لە رابردودا خۆیان لە جێبەجێکردنی دزیوەتەوە. نابێ ریفراندۆم بکرێتە پاساو‌و بیانو بۆ پەشیمان بونەوە لە جێبەجێکردنی داوا رەواکانی گەلەکەمان کە لە دەستوردا چەسپێنراوە.

3. پێشوازی‌و دەسخۆشی لە هەوڵ‌و دەسپێشخەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و مەرجەعییەتی ئایینی‌و هەمو ئەو هێزو کەسایەتیانە بکرێت کە لەپێناوی دەستەبەرکردنی گیانی بەیەکەوە ژیان‌و سەقامگیری‌و بەرجەستەکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان کردویانە.

4. سەرکردایەتی سیاسی کوردستان – عیراق هەڵوەشێتەوەو لەبری ئەوە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان گەشەیان پێبدرێ‌و بەنیشتمانی بکرێن‌.

5. هەڵبژاردنی گشتی لە وادەی یاسایی خۆیدا لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی کوردستان‌و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێ.

بزوتنەوەی گۆڕان
2/10/2017 



PM:05:00:02/10/2017