پنتاگۆن کۆتایی بە هاوکاریە داراییەکان بۆ پێشمەرگە هێنا

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و پێشمەرگەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا کۆتایی بە هاوکاریە داراییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هێناوە.


ئێریک پاهۆن، وتەبێژی پنتاگۆن بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ئەوەی ئاشکراکردووە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کۆتایی بە هاوکاریە داراییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هێناوە.

ڕاشیگەیاندووە، "هاوکاریە داراییەکانی پنتاگۆن بۆ پشتیوانی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە بووە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵدا، و دواین وادەی هاوکاری دارایی پنتاگۆن کە بۆ پێشمەرگەی دابینکردبوو لە مانگی تەمووزدابوو، پنتاگۆنیش لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا هاوکاریە داراییەکەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕەوانەکردووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە ئەمریکا و حکومەتی هەرێم پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم هیچ گفتوگۆیەکیان نەکردووە لەبارەی نوێکردنەوەی ڕێکەوتنەکەوە ئەوەش بەو واتایە دێت ریفراندۆمەکە هیچ کاریگەریەکی لەسەر ڕێکەوتنەکە نەبووە، وتوشیەتی "پنتاگۆن بەردەوامدەبێت لە مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە".

بۆ هەمان ماڵپەڕ، عەمید روکن هەژار عومەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی ئاشکراکردووە کە ماوەیەکی زۆرە ئەمریکا چەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە نەناردووە، پێش ئەوەی ڕێکەوتنی نێوان پنتاگۆن و وەزارەتی پیشمەرگە بۆ پێدانی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە وادەکەی کۆتاییبێت.

ساڵی ڕابردوو کۆنگرێسی ئەمریکا ناردنی زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە پەسەندکرد، ئەوە سەرەڕای هاوکاریکرنی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕووی پێدانی چەک و تەقەمەنی و مەشقکردنەوە.



PM:01:52:06/10/2017