ئەردۆغان: ڕیفراندۆم خیانەت بوو لە یەکپارچەیى خاکى عێراق

سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، ئامانج لە دابەشکردن و پارچەکردنى سوریا و عێراق گەمارۆدانى تورکیایە لە باشورەوە وتیشی "ڕیفراندۆم خیانەت بوو لە یەکپارچەیى خاکى عێراق".


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا لە وتەیەکدا بۆبەشێک لە سەرکردەکانی حزبەکەی لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا لە ناوچەکانى باشور و باشورى ڕۆژهەڵاتى تورکیا ڕایگەیاند "ئابڵوقەدانی تورکیا تەنیا لە سنورەوە نییە، بەڵکو پیلانێکى گەورەیە و پەلدەکێشێت بۆ ناوخۆى وڵاتەکەمانن، هاوشێوەى ئەو پیلانانەى پێشتر دژى تورکیا بەڕێوەچوون ئەو پیلانەش شکست پێدەهێنن".

ئەردۆغان لەباڕەی هەرێمى کوردستانەوە و وتى، "ئێستا چى دەکەن لە کاتێکدا کە لە باکورەوە بە تورکیا و لە باشورەوە بە عێراق و لە ڕۆژئاواوە بە سوریا و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ئێران دەورە دراون".

ئەردۆغان لە پەیامێکیشیدا بۆ سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان وتى، "بۆ کوێ دەڕۆن، بە چ شێوازێک هاتوچۆى هەرێم دەکەن، ئاسمانى هەرێم داخراوە و بەم زووانە دەروازە وشکانییەکانیشتان بە ڕوودا دادەخرێت".

هەروەها ئەوەشى وت ڕیفراندۆم خیانەت بوو بەرامبەر یەکپارچەى خاکى عێراق.

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناڕەزاییە ناوخۆیی و دەرەکیەکان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و 92%ی هاوڵاتیان دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ جیابوونەوە لە عێراق.



PM:02:46:07/10/2017