سەڵاحەدین بەهادین: هەڵوێستی گۆڕان ئیجابی بوو


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین و نێچیرڤان بارزانی بە یاوەری شاندێک گەیشتنە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە و ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکات.

سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بە میدیاکانی نزیک لە پارتی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکە ئیجابی بووە و چاوەڕوانی ئەنجامی دڵخۆشکەری لێدەکرێت".

سەبارەت بە هەڵوێستی بەرپرسانی گۆڕان لە کۆبوونەوەکەدا سەڵاحەدین بەهادین وتی "هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان ئیجابی بووە".

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو جەختیشی کردەوە لەوەی "نابێت هێزێکی گەورەی وەک گۆڕان لە پەرلەمان و حکومەت دووربێت و پێویستە پرۆسەی سیاسی بە بەشداری هەموو لایەک بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی".

 


هاوکات نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان و
یەکگرتوو بە نێوەندگیری سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بووە.

 


سەڵاحەدین بەهادین لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاندووە " زۆری مەترسیەکان لەسەر گەلی کورد هەوڵی جدی و پەلەی پێویستە بۆ یەکخستنی دید و هەڵوێستەکان لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە یەکگرتوو هەر لەسەرەتای دروستبوونی کێشەکان و پەکخستنی کارەکانی پەرلەمانەوە لە هەوڵی بەردەوام دا بووە بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکان و ئەو کۆبوونەوە، ئەو هەوڵەی ئەمڕۆش هەر لەو چوارچێوەیدا بووە.

ئەمینداری یەکگرتوو جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە کە قۆناغی ئێستا جیاوازە لە قۆناغەکانی چەند مانگێک لەمەو پێش بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا هەردولا خوازیاری چارەسەری کێشە و گرفتەکان بوون، وتووشیەتی "گەشبییشم بەرامبەر بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و ئومێدەوارم لە داهاتوو هەواڵی دڵخۆشتر ببیستن".


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی و سەڵاحەدین بەهادین لەلایەن عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی گۆڕان و شۆڕش حاجی و عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنەوە لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە گردی زەرگەتە پێشوازییان لێکرا.

هەروەها هەریەکە لە ئەدهەم بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون و کۆبوونەوەکە دوو کاتژمێری خایاند.


له‌دوای‌ كۆچی‌ دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری‌ گشتیی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ جاری‌ دوه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ باڵا پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كات.



PM:02:03:08/10/2017