كۆمیسۆن: لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە هەڵبژاردن دوابخەین

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ڕایگەیاند، لە دەسەڵاتی ئەواندا نیە هەڵبژاردن دوابخەن دەشڵێت "تا یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكرێتەوە ناتوانن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەڵبژاردن ئەنجام بدەن".

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم، لە هەولێر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، تائێستا هیچ لایەنێك داوای نەكردووە هەڵبژاردنەكانی هەرێم دوابخرێت و ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان سەرۆكایەتی هەرێم، وتیشی "كۆمسیۆن بەپێی یاسا دەتوانیت لە چوار شارەكەی هەرێمی كوردستاندا هەڵبژاردن ئەنجامبدات، تا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە ناتوانن هەڵبژاردن لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدات".

شیروان زرار وتیشی "كۆمسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردن داوابخات و ئەگەر گۆڕانكاری لە كاتی هەڵبژاردندا بكرێت دەبێت لایەنەكان داوا لە پەرلەمان بكەن هەڵبژاردن دوابخات یان پەرلەمان خۆی ئەو بڕیارە دەربكات و دواخستنی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە".

سەبارەت بە قبوڵكردنی ناوی محەمەد تۆفیق ڕەحیم وەك كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم شێروان زرار ڕایگەیاند داوایان لە ئەنجوومەنی شورا و لیژنەی یاسایی كردووە، سەربارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی وەرگرتنی كاندیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم ڕوونكردنەوەیان بدەنێ و دواتر كۆمسیۆن كە وەڵامی لەوان وەرگرت بڕیار لەسەر قبوڵكردنی یان ڕەتكردنەوەی ناوی ئەو كاندیدە دەدەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تائێستا ٢٩ قەوارە و لیستی جیاواز ناویان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە و لە ئەمڕۆوە تا ڕۆژی ١٣ ی ئەم مانگەش ناوی كاندید و پاڵێوراوانی لیستەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وەردەگرن و ئەمڕۆ هیچ لیستێك ناوی كاندیدەكانی نەداوە بە كۆمسیۆن.

ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم دیاریكراوە و پێشتریش كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی ئەو دوو هەڵبژاردنە لە یەك كاتدا ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو.




PM:03:31:09/10/2017