"هەڵەبجە بوو بەخاوەنی سەربەخۆیی دارایی"


ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێم بەتەواوی پارێزگای هەڵەبجەی لە سلێمانی جیاكردەوە و سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، "هەڵەبجە بوو بەخاوەنی سەربەخۆیی دارایی".

د.ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە پێگەی تایبەتی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، "بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 4222 لەڕۆژی‌ یەكی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ 2017، بڕگەیەكی دیكەی‌ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 24 لەڕۆژی‌ 16ی‌ ئاداری‌ 2017 جێبەجێكرا، كە تایبەتە بەدەستبەكاربونی گەنجینەی هەڵەبجەو دانانی بەڕێوەبەرێك و 14 فەرمانبەر بۆی‌".

سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران ئەوەشی‌ ئاشكراكردوە، "بەو فەرمانە، دارایی هەڵەبجە وەك پارێزگا بەتەواوی لەسلێمانی جیاكرایەوە و بوو بەخاوەنی سەربەخۆیی دارایی خۆی"، داواش دەكات "لایەنە پەیوەندیدارەكان چاودێریی جێبەجێكردنی ئەو فەرمانە بكەن بۆئەوەی‌ بەهەمولایەك هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی خزمەت بكەین".



PM:01:35:11/10/2017