وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی داهاتی فڕۆکەخانەکانەوە بڵاودەکاتەوە و وەڵامی بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش دەداتەوە.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ھاوڵاتیانی بەڕێز  وەک دەزانن زیاتر لە دوو ساڵە وەزارەتمان داھاتی مانگانەو ساڵانەی خۆی بڵاو دەکاتەوە بۆ بەردەم ڕای گشتی بۆ ئاگاداربوونیان لە سەرچاوەی داھات و بڕی داھات بە ھەردوو جۆری دۆلارو دینار، مەبەستی سەرەکی ئەم کارەی وەزارەتمان پەیڕەوکردنی رونیەتی بوو لە داھاتی سێکتەرەکانی وەزارەت کە خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشکەش بە ھاوڵاتیان دەکات.

بۆ ئەوەی لەلایەکی ترەوە ھاوڵاتیانیش ڕۆڵی چاودێری گشتی ببینن و ئەو جومگانەی ئەگەر گومانی ڕوودانی گەندەڵی دارایی لێ دەکرێت لەبەردەستیان بێت.

لەم ڕوانگەوە بەرپرس و بەڕێوەبەرایەتی ھەر سێکتەرێک بەرپرسە لە ژمارەی بڕی ئەو داھاتەی وەزارەتمان کە ڕادەگەیەنرێت لەبەردەم ھەموو دەزگایەکی لێپرسینەوە و بەدواداچوونی ھەرێمدا.

جێگەی داخە لەم کاتەدا کە خەڵکی کوردستان و وەزارەتمان دەستەو یەخەی کێشەی داخستنی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرو سلێمانی یە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وەک سزادانی سیاسی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ھەندێ کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندن ، بەمەبەستی دروست کردنی گومان و تانە خستنە سەر پرۆسەی شەفافیەتی کاری وەزارەت ڕاپۆرتێکی بە ناو بە دواداچوونیان بۆ داھاتی وەزارەت کردووەو گوایە داھاتە شاراوەکانیان خستۆتە ڕوو بە پشت بەستن بە لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەسەر بڕی زیانەکانی فڕۆکەخانە کە ڕۆژانە بە (٤٠٠٠٠٠) چوارسەد ھەزار دۆلاری خەمڵاندووە بە کۆکردنەوەو زەرب و تەقسیمێک داھاتی ڕاگەیەنراوی وەزارەتمان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر چەند بەرامبەری ئەوەی کردووە کە راگەیەنراوە .

لە ڕاستیدا ئەوە تێکەڵ کردنیکی بەمەبەستە, ئەگینا داھاتی ڕۆژانەی فڕۆکەخانە لەگەڵ زیانی ڕۆژانەی فڕۆکەخانە کە چەندین کۆمپانیای جۆراو جۆری خزمەتگوزری و کارگۆو گومرگی سەربە وەزارەتی دارایی و سووتەمەنی فڕۆکەو بازاڕی تایبەتی فڕۆکەخانە (Duty Free) ھەتا دەگاتە تەکسی فڕۆکەخانە ھەمووی زیانی لێکەوتووە، لەوەش زیاترە کە ڕاگەیەنراوە بە تایبەت ئەگەر زیانی ھێلەکانی فڕۆکەوانی ووڵاتانی دەرەوە ئەژمار بکریت ئەوا ڕۆژانە زیار لە ‎(١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دەبێت.

لێرەوە بە ھاوڵاتیان و تەواوی ڕێکخراوەکان و دام و دەزگاکان ڕادەگەیەنین وەزارەتمان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئامادەی ھەموو جۆرە بەدواداچوون و لێپرسینەوەویەکن لەسەرھەموو داھاتە ڕاگەیەنراوەکانی ڕابردوو و داھاتوودا، ھیوادارین ڕاگەیاندنەکان بە بەرپرسیاری و نەریتی ڕۆژنامەوانیەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ یکەن و دەزگایەکی وەھا گرینگی خزمەتگوزاری نەتەوەیی بۆ مەرامی ڕێکلامی سیاسی بەکارنەھێنن.

اومید محمد سالح

  وتەبێژی وەزارەت



PM:04:50:11/10/2017