وەزارەتی پێشمەرگە: نیازپاكی لە جموجۆڵەکانی سوپای عێراق نابینین

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هێزەكانی عێراق لە نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە شنگال و باكوری مووسڵ و باشووری كەركووك، دەستیان بە جموجۆڵی سەربازیی كردووە و نیازپاكییەك لەو جموجۆڵانە نابینین".


ئەمڕۆ پێنجشەمە 12تشرینی یەكەم، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، "لە كۆبوونەوەی نێوان سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و كین كرووز، كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان لەبارەی هێڵەكانی تەماسی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هاوئاهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا گفتوگۆ لەبارەیەوە كراوە".

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، هێزەكانی عێراق لە نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە شنگال و باكوری مووسڵ و باشووری كەركووك دەستیان بە جموجۆڵی سەربازیی كردووە و نیازپاكییەك لەو جموجۆڵانە نابینین".

داواشی لە كۆنسوڵی ئەمەریكا كردووە، رێ لە هەر پێشهاتێكی نەخوازراو بگرن كە ببێتە هۆكاری تێكچوونی رەوشەكە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە كۆنسوڵی ئەمەریكا ڕایگەیاندووە كە لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشەكەن و داوای كرد، هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن و رێ نەدەن رووداوی نەخوازراو روو بدات.



PM:08:39:12/10/2017