" پێشمەرگە بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریکردن، چەند کیلۆمەترێک لە رۆژئاوای پرۆژەی ئاوەکەی کەرکوک دەکشێتەوە"

بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکوک رایگەیەند" هێزی پێشمەرگە بۆ بەهێزکردنی سەنگەرەکانی لە باشووری کەرکوک لەرۆژئاوای پرۆژەی ئاوەکە بە مەساحەیەکی کەم کشاوەتەوە بۆ رۆژهەلآتی پرۆژەی ئاوەکە".

وەستا رەسوڵ بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکوک لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند" هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش چەند کیلۆمەترێک چووبووە ئەوبەری پرۆژەی ئاوەکە، بەلآم کاتێک کە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان چوونەتە تازە کە لە هەندێک شوێن دەکەوێتە پشتی هێزەکانی ئێمەوە، بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و شێخ جەعفەر فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ بڕیار درا بۆ بەهێزکردنی سەنگەرەکان پێشمەرگە لەو میحوەرە، هێزەکانمان کشاندەوە بۆ هێڵی بەرگری دووەم لە بەری رۆژهەلآتی پڕۆژەی ئاوەکە، کە سەنگەرێکی پتەوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە". ( ئەو سەنگەرانە دەکەونە ناوچەکانی نزیک مریەم بەگ و مەکتەب خالید ).

وەستا رەسوڵ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پاشکشە بچوکە بڕیارێکی سەربازیەو، هیچ پەیوەندیەکی بە پرسە سیاسیەکانەوە نییە.

شەوی رابردوو لەگەڵ پەلکێشکردنی هێزێکی زۆری سووپاو حەشدی شەعبی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ناوچەکانی گوندی بەشیر و تازە، هێزی پێشمەرگە چەند کیلۆمەترێک سەنگەرەکانی لە رۆژئاوای پرۆژەی ئاوەکەی کەرکوک پاشەکشە پێکرد، بۆ رۆژهەلآتی پرۆژەکە، کە هێلێکی بەرگری بەهێزی پێشمەرگەیە لەسەردەمیی شەڕی چەکدارانی داعشدا دروستکراوە.

شەوی رابردوو بەپێی هەندێک زانیاری ئیستخباراتی کوردی، دوای کۆکردنەوەی هێزێکی زۆری حکومەتی عێراق، پێشبینی دەکرا لە کاتژمێر ٣ ی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا ئەو  هێزە هێرشبکاتە سەر ناوچە نەوتیەکانی شاری کەرکوک و فڕۆکەخانەو سەربازگەکانی عکومەتی عێراق پێش هاتنی داعش لە ٢٠١٤ دا، هێزی پێشمەرگەش کەوتە حاڵەتی ئامادەسازی بۆ رووبەرووبوونەوەی هێزە عێراقییەکان و شەوی رابردوو ئەو شارە کەشێکی نائاسایی بەڕێکرد.

 



AM:10:43:13/10/2017