گۆڕان بڕیار لەسەر بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان دەدات
سبەینێ دووشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوەو پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش دووپاتی دەكاتەوە كە دژی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمو پەرلەمانن.
بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری گۆڕان بە سپی راگەیاند: تا ئێستا یەكلانەبووینەتەوە لە بەشداری كردن یان بەشداری نەكردن لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتە بە ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانو سەرۆكایەتی هەرێم.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەمرۆ بەڕاوێژ لەگەڵ جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، دوا بڕیار لەبارەی بەشداری كردن یان نەكردن لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان دەدەنو بۆ رای گشتی رایدەگەیەنن.
بەهار مەحمود دوپاتیشی كردەوە كە ئەوان بەهەموو شێوەیەك دژی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمو تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانن.
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی كوردستان دواكۆبوونەوەی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانو سەرۆكایەتی هەرێمەوە ئەنجام بداتو لەوبارەیە دوا بڕیار بدات.
PM:12:35:15/10/2017